خێزانی سەربازەکانی ئەمهریکا تورکیا جێدەهێڵن
K24 – ھەولێر:
حکوومەتی تورکیا لەبارەی جێهێشتی خێزان و کەسو کاری سەربازەکانی ئەمهریکا لە تورکیا نیگەرانی دەربڕی لەو باریەوە راگەیاند، هەندێک لایەن بەمەبەستی شێواندنی بارودۆخی ئەمنی تورکیا و نانەوەی دڵەڕاوکێ لە نێو هاووڵاتیان پڕوپاگەندەی نادروست بڵاودەکەنەوە.
جۆن کێربی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "داوخوازی پنتاگۆن بۆ جێھێشتنی بنەماڵەی سەربازەكانی ئەمریكا لە توركیا، بەھۆی كێشەی تیرۆر نیە راستەوخۆ بۆ سەر ئەوان، ئەو بڕیارە دوای ھەڵسەنگاندنی رەوشی توركیا ھاتووە".
ئەحمەد داود ئۆغلو، سەرۆک وەزیرانی تورکیا گوتی: "گرفتی تیرۆر لە تەواوی جیھاندا ھەیە، توركیا وەك ھەر وڵاتێكی دیكەی جیھان، لەوانەیە ھێرشی تیرۆرستی ئەنجام بدرێت، بەڵام دەمەوێ پشتڕاستی بكەمەوە بۆ ھاووڵاتیان كە ئەوان پارێزراون لە لایەن ھێزە ئەمنییەكانمان".
هەرچەندە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەڕەشەی راستەخۆی بۆ سەر هاووڵاتیانی لە نێو تورکیا رەتکردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بڕیارە لەماوەیەکی نزیکدا 670 هاووڵاتی ئەمریکی لەگەڵ 270 ئاژەڵی ماڵی، تورکیا بەرەو واشنتن جێبهێڵن.