ئیسلامییەكان بەنیازن بە لیستێكی ھاوبەش بەشداری لە ھەڵبژاردنەكانی داھاتوو دا بكەن

بزووتنەوەی ئیسلامی ساڵی 2009 بە نوسراوی فەرمی داوای لە یەکگرتوو کۆمەڵ کردبوو بە لیستی هاوبەش بەشداری هەڵبژاردنی خولی سێەمی پەرلەمان بکەن، بەڵام یەکگرتوو کۆمەڵ رەتیان کردبووەوە.
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/8fd24434-6c41-4ba3-ad04-f7ee984c11b8/listi%20hawbashi%20eslamiakan.ism/manifest

K24 – ھەولێر:

حزبە ئیسلامییەکانی باشووری کوردستان ،سەرقاڵی پێکهێنانی لیستێکی هاوبەشن بۆ هەڵبژاردنی خولی داهاتووی پەرلەمان ،بزوتنەوەی ئیسلامی بە فەرمی ئامادەی خۆیی بۆ چوونە نێو ئەو لیستە پیشانداوە و یەکگرتووش پێکهێنانی ئەو لیستە بە پێوست دەزانێت .

 حاجی كاروان، پەرلەمانتاری یەكگرتوی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان گوتی: "گەر ھەموومان ئیسلامییەكان خۆمان لە یەكدی نزیك بكەینەوە، باوەڕم وایە ئەو ژمارە كورسیەیی ئیسلامییەكان ھەیانە زیاتر ببێت، پێشتر ئێمە وەك یەكگرتوو لەگەڵ ئەوە دا نەبووین، نەمان دەویست كوردستان بكەینە دوو بەرە بەرەی علمانی و ئیسلامی، بەڵام بۆ داھاتوو بە گرنگی دازانم".

عەبدوڵڵا وەرتی، گوتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی گوتی: "ئێمە وەك بزوتنەوەی ئیسلامی یەكێك لە ئامانجە سەرەكیەكانمان، پێكھێنانی لیستێكی ھاوبەشی ئیسلامییە لە نێوان ھەرسێ لایەنی ئیسلامی بۆ ھەڵبژاردنەكانی ئایندە، جا ھەم بۆ پەرلەمان و ھەم بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاكان".

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر ئیسلامییە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان هەوڵی زۆریان دا بۆ دروستکردنی لیستی هاوبەش بەلام سەرکەوتوو نەبوون.

 بزووتنەوەی ئیسلامی ساڵی 2009 بە نوسراوی فەرمی داوای لە یەکگرتوو کۆمەڵ کردبوو بە لیستی هاوبەش بەشداری هەڵبژاردنی خولی سێەمی پەرلەمان بکەن، بەڵام یەکگرتوو کۆمەڵ رەتیان کردبووەوە.

لە باشووری کوردستان جگە و یەکگرتوو لە کۆمەڵ و بزووتنەوە چەندین رەوتی ئیسلامی دیکە هەن'لە خولی چوارەمی پەرلەمانیش ئەو سێ حزبە ئیسلامیە سیاسیە توانیان 16 کورسی پەرلەمان بە دەست بێنن.