چوونی پەناخوازان بۆ ئەڵمانیا کەمیکردووە

"ژمارەی ئەو پەنابەرانەی کە لە سنووری نەمساوە دەهاتنە ئەڵمانیا بەڕێژەی حەوت بەرامبەر بە بەراورد لەگەڵ مانگی شوبات کەمیکردووە"

K24- ھەولێر:

حكوومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند، ژمارەی چوونی پەناخوازان بۆ وڵاتەكەیان حەوت بەرامبەری جاران كەمیكردووە.

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا لە لێدوانێکدا روونیکردەوە، ژمارەی ئەو پەنابەرانەی کە لە سنوری نەمساوە دەهاتنە ئەڵمانیا بەڕێژەی حەوت بەرامبەر بە بەراورد لەگەڵ مانگی شوبات کەمیکردووە.

لەمانگی ئاداردا، تەنیا پێنج هەزار پەنابەر لە سنوری نەمساوە چوونەتە ئەڵمانیا، ئەمەش دوای توندکردنی رێوشێوەنە ئەمنییەکان لە سنووری وڵاتانی بەلقان.

لەمانگی شوباتدا، زیاتر لە سی و هەشت هەزار پەنابەر لە سنوری نەمساوە چوونە ئەڵمانیا کەچی لە مانگی ئاداردا تەنیا پێنج هەزار پەناخواز توانیان سنوری نەمسا بەرەو ئەڵمانیا ببڕن.

لە ساڵی رابردوو یەك ملیۆن پەناخواز روویان لە ئەڵمانیا كرد، بەمەش ئەڵمانیا بووە یەكەم وڵات لە ئەوروپا كە زۆرترین پەناخواز روویان تێكردبێت لە دوو ساڵی رابردوو دا.

بە ھۆی شەڕو نا ئارامییەكانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا زۆرترین كەس لەو ناوچانە بەتایبەت سووریا و عێراق كۆچ دەكەن بەرە و وڵاتانی رۆژئاوا، بەڵام داوی رێككەوتنی توركیا و ئەوروپا زۆربەی وڵاتانی بەلكان سنوورەكانیان داخستوون پەناخوازان بە ئەستەم دەتوانن خۆیان بگەیننە وڵاتانی ئەوروپا.