له مانگی شوبات و ئازاری رابردوو له ده‌ریای عه‌ره‌ب ده‌ستبه‌سه‌ر 3 باری چه‌ك گیراوه
K24 – هه‌ولێر:
هێزی ده‌ریایی ئه‌مریكا رایگه‌یاند رێگه‌یان له بارێكی نایاسایی چه‌كدا گرتووه، گوته‌بێژی كه‌شتیگه‌لی پێنجه‌می ئه‌مریكاش ده‌ڵێ به گوێره‌ی خه‌مڵاندنی واشینتۆن ئه‌و چه‌كانه‌ی به‌مدواییانه ده‌ستیانبه‌سه‌رداگیراوه، سه‌رچاوه‌كه‌ی ئێران بووه و ئاڕاسته‌ی كۆتاییشی له‌وانه‌یه یه‌مه‌ن بووبێت.
ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مریكا گوتیان له ماوه‌ی هه‌فته‌كانی ئه‌مدواییه‌دا ئه‌وه سێیه‌م جاره هێزی ده‌ریایی نێوده‌وڵه‌تی كه له ده‌ریای عه‌ره‌ب كارده‌كه‌ن ده‌ستبه‌سه‌ر باری چه‌ك دا بگرن.
له 28 ئازاری رابردوو هێزه‌كانی ده‌ریایی ئه‌مریكا ده‌ستی به‌سه‌ر بارێكی چه‌ك داگرتووه كه له ناو به‌له‌مێكی چارۆگه‌داری بچووك حه‌شاردرابوون, ئه‌و به‌له‌مه‌ش ناسنامه‌ی هێچ وڵاتێكی هه‌ڵنه‌گرتبوو، چه‌كه‌كانیش بریتیی بوون له 1500 كلاشینكۆف و 200 مووشه‌ك و 21 تفه‌نگی تۆماتیكی 50 مللیمه‌تر.
دوای ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ئه‌و چه‌كانه رێگا به به‌له‌مه‌كه و تاقمه‌كه‌ی دراوه بڕۆن ئێستاش ئه‌و چه‌كانه له ژێر ده‌ستی ئه‌مریكادایه.
له راگه‌یاندراوێكدا كه دوێنێ بڵاویكردووه‌ته‌وه، هێزی ده‌ریایی ئه‌مریكا گوتی ده‌ستبه‌سه‌ردارگرتنی ئه‌و چه‌كانه "نوێترین پڕۆسه‌ی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنه له زنجیره‌یه‌ك باری چه‌كی نا یاسایی كه له‌لایه‌ن هێزی ده‌ریایی له ناوچه‌كه‌دا ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه. ئه‌مریكاش خه‌مڵاندوویه‌تی سه‌رچاوه‌ی ئه‌و چه‌كانه ئێرانه".
هێزی ده‌ریایی ئه‌مریكا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد له شوباتی رابردوو كه‌شتییه‌كی سه‌ر به هێزی ده‌ریایی ئوستوڕالی ده‌ستی به‌سه‌ر بارێكی دیكه‌ی چه‌ك داگرتووه كه گومانده‌كرێت سه‌رچاوه‌كه‌ی ئێران بێت و ئاڕاسته‌كه‌شی به‌ره‌و یه‌مه‌ن بووبێت.
هه‌روه‌ها هێزی ده‌ریای ئه‌مریكا رایگه‌یاند ده‌سه‌ڵاتدارانی فه‌ره‌نساش له 20 ئازاری رابردوو بارێكی دیكه‌ی چه‌كی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتووه كه ئه‌و مه‌زه‌نده‌یان لا په‌سه‌ندتره ئه‌و چه‌كانه له ئێرانه‌وه بۆ یه‌مه‌ن نێردرابن.
كیڤن ستیڤنز گوته‌بێژی كه‌شتیگه‌لی پێنجه‌می ئه‌مریكا به تۆڕی CNN راگه‌یاند: "به گوێره‌ی خه‌مڵاندنی واشینتۆن، ئه‌و چه‌كانه‌ی به‌مدواییانه ده‌ستیانبه‌سه‌رداگیراوه، سه‌رچاوه‌كه‌ی ئێران بووه و ئاڕاسته‌ی كۆتاییشی له‌وانه‌یه یه‌مه‌ن بووبێت".
ئه‌و لێدوانه‌ی گوته‌بێژی كه‌شتیگه‌لی پێنجه‌می ئه‌مریكا یه‌كده‌گرێته‌وه له‌گه‌ڵ لێدوانی لیفتینانت ئیان ماكۆنۆهی له‌گه‌ڵ هێزی ده‌ریایی ئه‌مریكا كه ئه‌ویش به تۆڕی CNN گوتبوو: "ئه‌و باره چه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئوستورالیا ده‌ستیانبه‌سه‌رداگرتووه، سه‌رچاوه‌كه‌ی ئێران بووه ئاڕاسته‌كه‌شی بۆ یه‌مه‌ن بووه".
سه‌رچاوه: CNN ، و: م.ح