رووسیا پشتیوانی نەتەوە یەکگرتووەکان ده‌كات لە دانووستانەکانی جنێڤ دا

“مۆسکۆ بە تەواوی پشتیوانی لە ئەنجامدانی گفتوگۆی راستەوخۆ لە نێوان لایەنەکانی سووریا دەکات”

K24 – ھەولێر

وەزیری دەرەوەی رووسیا بە نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكانی لە سووریا راگەیاندووە، كە رووسیا پشتیوانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات لە دانووستانەكانی جنێڤ.

سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا بە ستافان دی مێستورای نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی سووریا راگەیاندووە، مۆسکۆ بە تەواوی پشتیوانی لە ئەنجامدانی گفتوگۆی راستەوخۆ لە نێوان لایەنەکانی سووریا دەکات له‌ چوارچێوه‌ی دانووستانه‌كانی كه‌ له‌ جنێڤ به‌ڕێوه‌ده‌چن.

لاڤرۆڤ داوای لە دی مێستورا کردووە، بەشداری بە هەموو پێکهاتەکانی سووریا بکرێت و هەوڵ بۆ ره‌خساندنی زەمینەیەکی له‌بار بۆ قۆناخی راگوزەری سیاسیی لە سووریا بدرێت.

بڕیارە لە 11 ئەم مانگە گەڕێكی دیكەی دانووستانەكانی جنێڤ سێ دەست پێبكەنەوە، رووسیا داوا دەكات كورد بەشێوەیەكی راستەوخۆ بەشداری پێبكرێت لە دانووستانەكان، بەڵام دیار نیە كورد راستەوخۆ بەشدار دەبێت یاخود وەك گەڕەكانی دیكە لە چوارچێوەی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەشدار دەبێت.