وەزارەتی دەرەوەی رووسیا: پێویستە كورد بانگھێشتی دانووستانەكانی جنێڤ بكرێت

"بەریتانیا و فەرەنسا رێگری لە بەشداریكردنی كورد دەكەن"

K24 - ھەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، پێویستە كورد بانگھێشتی دانووستانەكانی جنێڤ بكرێت.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە مۆسكۆ ماریا زاخا رۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند: " پێویستە كورد بانگھێشتی دانووستانەكانی جنێڤ بكرێت و لە داواکارییەکانمان بۆ بەشداریکردنی کورد لە دانووستاندنەکانی جنێڤ بەردەوام دەبین".

لە بارەی بارودۆخی باكووری كوردستان گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "وەك رووسیا لە رەوشی ناوچە کوردییەکانی تورکیا نیگەرانین".

ئەمە لە كاتێكدایە بڕیارە گەڕی سێیەمی دانووستاندنەكانی جنێف3، بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سیاسی سووریا لە نێوان ئۆپۆزیسیۆن و رژێمی سووریا، لە 11ی ئەم مانگەدا دەست پێ بكرێنەوە، بەرپرسانی رووسیاش چەند جارێك رایانگەیاندووە، كە ئەوان جەخت لە بەشداریكردنی كورد دەكەنەوە و بەردەوام دەبن لە ھەوڵەكانیان.