هیومه‌ن رایتس وۆچ داوا له هێزه‌كانی عێراق ده‌كات رێگا بده‌ن یارمه‌تییه‌كان بگه‌یه‌ندرێنه فه‌لوجه
K24 – هه‌ولێر:
رێكخراوی هیومه‌ن رایتس وۆچ داوای له هێزه‌كانی عێراق كرد رێگا بده‌ن یارمه‌تییه‌كان بنێردرێنه ناو فه‌لوجه، ئه‌و رێكخراوه ده‌ڵێت خۆراك و ده‌رمان له‌و شاره زۆر كه‌م بووه و ده‌یان هه‌زار كه‌س له دانیشتوانی دووچاری كه‌می خۆراك و ده‌رمان بوونه‌ته‌وه.
له سه‌ره‌تای 2014 چه‌كدارانی رێكخراوی داعش فه‌لوجه(50 كلم رۆژئاوای به‌غدا) كۆنـتڕۆڵكرد، له كۆتایی ساڵی رابردووه‌وه ئه‌و شاره به شێوه‌یه‌كی نیمچه ته‌واو له‌لایه‌ن هێزه‌كانی عێراق له سوپا و پۆلیس و چه‌كدارانی شیعه (كه له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پشتیوانی‌یان لێده‌كرێت) به پشتیوانی هێرشی ئاسمانی هاوپه‌یمانان به سه‌ركردایه‌تی ئه‌مریكا گه‌مارۆدراوه.
له راپۆرتێكدا هیومه‌ن رایتس وۆچ گوتی: "دانیشتوانی فه‌لوجه له گژ و گیا شۆربا ئاماده ده‌كه‌ن و له بری گه‌نمیش ناووكی خورما ده‌هاڕن بۆ ئه‌وه‌ی نانی لێوه دروستبكه‌ن".
راپۆرتی هیومه‌ن رایتس وۆچ زیاتر گوتی: "ئه‌گه‌ر خۆراك ده‌ستبكه‌وێت، به نزیكه‌ی 50 ئه‌وه‌نده‌ی نرخی ئاسایی ده‌فرۆشرێته‌وه".
جۆ ستۆرك جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری رێكخراوی هیومه‌ن رایتس وۆچ له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گوتی: "له فه‌لوجه خه‌ڵك حكوومه‌ت گه‌مارۆی داون و كه‌وتوونه‌ته نێو داوی رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی و برسییانه".
جۆ ستۆرك زیاتر گوتی: "پێویسته له‌سه‌ر لایه‌نه شه‌ڕكه‌ره‌كان ده‌سته‌به‌ری گه‌یشتنی یارمه‌تییه‌كان بكه‌ن بۆ دانیشتوانی مه‌ده‌ن".
ئه‌و رێكخراوه كه باره‌گاكه‌ی له نیویۆركه هه‌روه‌ها داوای له چه‌كدارانی داعش‌یش كرد رێگا بده‌ن خۆراك و ده‌رمان بگه‌یه‌ندرێته ناو شاره‌كه و رێگاش بده‌ن دانیشتوانه‌كه‌ی شاره‌كه جێبێڵن.
به گوێره‌ی ئاژانسیی رۆیته‌رز به‌رپرسانی عێراقیی و ئه‌مریكیی گوتوویانه له‌وه ده‌ترسن "توندڕه‌وه‌كان" ده‌ستبه‌سه‌ر هه‌ر یارمه‌تییه‌كدا بگرن كه بۆ فه‌لوجه ده‌نێردرێت.
نه‌سیر نووری گوته‌بێژ به ناوی وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق رێكخراوی داعشی تۆمه‌تباركرد بۆ په‌كخستنی پێشڕه‌وی هێزه عێراقییه‌كان هاووڵاتیان به‌كارده‌هێنێ.
نه‌سیر نووری گوتی: "گه‌مارۆی راسته‌قینه له‌لایه‌ن هێزه‌كانی عێراقه‌وه نییه، ئه‌وه هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه. هێزه عێراقییه‌كان هێزی رزگاركه‌رن ده‌مانه‌وێت خه‌ڵكی شاره‌كه ئازادبكه‌ین".
زیاتر گوتی: "زیاتر له سێ ساڵه خه‌ڵكی شاره‌كه (فه‌لوجه) بارمته‌ن له ده‌ستی داعش. بۆیه ئه‌وه‌ی گه‌مارۆی فه‌لوجه ده‌دات به‌ڕاستی و به ته‌واوه‌تی داعشه‌كانن".
نووری ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد هێزه‌كانی عێراق سێ رێڕه‌ویان بۆ هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی كردووه‌ته‌وه شاره‌كه جێبێڵن به‌ڵام ده‌ڵێ "توندڕه‌وه‌كان" رێگایان ناده‌ن بێنه ده‌ره‌وه.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق ئه‌وه‌شی گوت بارودۆخی مرۆیی وایكردووه گرتنه‌وه‌ی فه‌لوجه له كاری پێشینه بێت به‌ڵام زیاتر گوتی ئه‌و كاره بۆ فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه كه بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه بده‌ن.
رێكخراوی هیومه‌ن رایتس وۆچ نه‌یتوانی بچێته ناو فه‌لوجه و ده‌ڵێت به پله‌یه‌كی گه‌وره پشت به چالاكوانان له به‌غدا ده‌به‌ستێت كه به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیی به دانیشتوان (فه‌لوجه) بكه‌ن یان په‌یوه‌ندیی به‌و كه‌سانه بكه‌ن كه په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ دانیشتوان (فه‌لوجه) هه‌یه.
جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری رێكخراوی هیومه‌ن رایتس وۆچ له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئه‌وه‌شی گوت: "وێنای بارودۆخی مرۆیی له فه‌لوجه تاریكه و زیاتر تاریك ده‌بێت...شار و شارۆچكه گه‌مارۆدراوه‌كان له ناوچه‌كه پێویستییان به گرینگیی پێدانی نێوده‌وڵه‌تی گه‌وره‌تر هه‌یه ئه‌گه‌رنا ئاكامان به‌سه‌ر هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی كاره‌ساتبار ده‌بن".
سه‌رچاوه: رۆیته‌رز ، و: م.ح