جۆن كیری: داوای پاراستنی ئاگربەستی سووریا دەكات

جۆن کیری بە گەیشتێک ھاتووەتە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ نزیککردنەوەی لایەنەکان تایبەت بە چارەسەرکردنی قەیرانەکانی سووریا

K24 – ھەولێر:

جۆن کیری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، داوای لەسەرجەم وڵاتان کرد ھەموویان جیاوازی و ناکۆکییەکانیان بخەنە لاوە و ھەموو پێکەوە کار بکەن لەپێناو پاراستنی ئاگربەستەکەی ئێستا لە سووریا ھاتووەتە ئاراوە.

ئێستا جۆن کیری بە گەیشتێک ھاتووەتە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ نزیککردنەوەی لایەنەکان تایبەت بە چارەسەرکردنی قەیرانەکانی سووریا و ناوبراو راشیگەیاند: کە گەڕی ئەمجارەی دانووستانەکانی جنێڤ کە بڕیارە لە 13ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، قۆناخێکی ھەستیاری ئەو کۆبوونەوانەیە و تاقیکردنەوەیەکی گەورەش دەبێت بۆ لایەنە سوورییەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی درێژخایەن و کۆتایی ھێنان بەو شەڕ و کوشتارەی زیاتر لە پێنچ ساڵە لەو وڵاتە ھەیە.

بڕیارە جۆن کیری ئەمڕۆ بگاتە بەغدای پایتەختی عێراق و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی حکوومەتی عێراقی کۆببێتەوە و ھەروەھا بڕیارە لەگەڵ شاندی کوردی بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.