پەكەكە وەڵامی باڵیۆزی ئەمریكا دەداتەوە
K24 – ھەولێر:
باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا داوای لە پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە"دەکات، کۆتایی بە ھێرشەکانیان بۆ سەر تورکیا بھێنن و چەکیش دابنێن، بەرپرسێكی پەكەكە دەڵێت، پێویستە ئەمریكا رۆڵی نێوانگیری بگێڕێت نەوەك داوای چەك دانان لە پەكەكە بكات.
جۆن باس، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا گوتی: "ئێمە جارێکی دیکە داوا لە پەکەکە دەکەین کۆتایی بە ھێرشەکانی بێنێت و چەکدابنێت، رێگەیەکی شەرعی بگرێتەبەر بۆ گفتوگۆکردن، بەشێوەیەک تا ھاووڵاتیانی ئەم وڵاتە ھەلێکیان بۆ بڕەخسێت بەرێگایەکی مەدەنیانە باس لەو کێشانە بکەن کە بووەتە ھۆی خراپبوونی رەوشەکە".
جۆن باس، گوتیشی: "ئەمریکا پابەندە بەوەی لەگەڵ حکوومەت و گەلی تورکیا رووبەڕووی تیرۆریزم ببێتەوە کە ئەم وڵاتە دووچاری بووەتەوە و کۆتایی بەو شەڕوکوشتارە بێنێت ئێخەی تورکیا گرتووە".
جۆن باس، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا دەشڵێت: "ھەندێ لەو گروپە میانڕەوانەی نێو سووریا ئێستا توانای ئەوەیان ھەیە ناوچەکانی دەووروبەری مینبج لە چەکدارانی داعش پاک بکەنەوە و ئێمە ئامادەین بەھەموو شێوەیەک پشتگیرییان بکەین، ئەوە دەزانین ئێستا دانووستانەکان لە جنێڤ بەڕێوەدەچن بەمەبەستی تاوتوێکردنی دەستپێکردنی قۆناغی راگواستنی سیاسی لە سووریا و ئەوە گرنگە بزانرێت کە ئێمە و تورکیا لە سووریا ھەمان ئامانجمان ھەیە".
لە بەرامبەر ئەو لێدوانانەی باڵیۆزی ئەمریكا،زوبێر ئایدار، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوبەرایەتی کەجەکە، وەڵامی جۆن باس دەداتە و داوا دەکات ئەمریکا رۆڵێکی نێوانگیریی بگێڕێت، تاوەکو پڕۆسەی ئاشتەوایی جارێکی دیکە دەست پێبکاتەوە، نەوەکو داوای چەکدانان تەنیا لە پەکەکە بکات.