هیۆمن رایتس وۆچ: چاودێریی پزیشکیی ئافرەتانی ئێزیدیی رزگاربوو خراپە

رێکخراوەکە ستایشی پێشوازیکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لە سەدان هەزار ئاوارەی عەرەبی عێراق

K24-هەولێر

رێکخراوی هیۆمن رایتس وۆچ رایگەیاند داعش رێوشوێنەکانی لە دژی ئافرەتانی ئێزیدیی دیلی دەستی توندتر کردووە و چاودێریی پزیشکیی ئافرەتانی ئێزیدیی رزگاربووی دەستی داعش خراپە.

رێکخراوی هیۆمن رایتس وۆچ ی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ لە جیهان لە نوێترین راپۆرتیدا راشیگەیاند: "لە مانگی کانوونی دووەم و شوباتی رابردوو چاوی کەوتووە بە 21 ئافرەتی عەرەبی سوننە مەزهەبی دانیشتووی ناوچەی حەویجەی لە عێراق و 15 ئافرەت و کچی ئێزیدیی کە هەموویان لە ناوچەکانی بندەستی (داعش) هەڵاتوون و زۆربەیان لە کۆتایی ساڵی 2015 هەڵاتوون".

هیۆمن رایتس وۆچ دەشڵێ: "چاوپێکەوتنەکان ئەوەیان ئاشکرا کرد کە لەنێوان چەکدارانی داعش ئەشکەنجە داون و بازرگانییان پێوە کردوون و ئەوەشیان ئاشکرا کرد کە (داعش) کۆت و بەندانیان دەکات و مافەکانی ژنان و کچانی دیکەی عێراقیش پێشێل دەکات و ئازادیی گەڕان و بەدەستهێنانی چاودێریی تەندروستیی و خوێندن زۆر سنووردار دەکات لە ناوچەکانی بندەستی داعش".

رێکخراوی هیۆمن رایتس وۆچ باس لەوەش دەکات کە: "چەندین ئافرەتانی ئێزیدیی رفێندراوی دەستی داعش لە ساڵی 2014 بۆ رێکخراوەکەیان باس کردووە چۆن بە زۆر ناچارکراون باوەڕ بە ئایینی ئیسلام بێنن و چۆن بۆ تێرکردنی حەزی سێکسی بەکارهێنراون و کڕین و فرۆشتنیان پێوە کراوە لە بازاڕەکانی کۆیلەکان و چۆن لە نێوان چوار چەکداری داعش ئاڵوگۆڕیان پێوە کراوە".

رێکخراوەکە دەڵێ: "چاودێریی پزیشکیی ئافرەتانی ئێزیدیی رزگاربووی دەستی داعش خراپە" و هاوکات لە زاری بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەڵێ: "چەکدارانی داعش لە عێراق و سووریا هێشتا 1800 ژن و کچی ئێزیدیان بەند کردووە" و رێکخراوەکە دەشڵێ: کە نەیتوانیوە لەم ئامارە دڵنیا ببێتەوە، بەڵام رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە زاری بەرپرسانی ئێزیدیی دەڵێ تاوەکوو مانگی دەی ساڵی 2015 نزیکەی 3500 ئێزیدیی دیلی دەستی داعش بوون.

هیۆمن رایتس وۆچ هاوکات ستایشی پێشوازیکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لە سەدان هەزار ئاوارەی عەرەبی عێراق.

ئا: ئا ، ف