ئۆپۆزسیۆنی سووریا شارێکی دیکەی لە بندەستی لایەنگرانی داعش دەرکرد

چەند مانگێکە داعش لە بەرامبەر سوپای حکوومەت و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە پاشەکشێدایە

K24-هەولێر

روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ و سەرچاوەیەکی ئۆپۆزسیۆنی سووریا رایانگەیاند کە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا شەوی رابردوو شارێکی دیکەی لە بندەستی لایەنگرانی داعش لە پارێزگای دەرعا لە سووریا دەرکرد.

ئاژانسی هەواڵنێری رۆیتەرز لە زاری روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە رێکخراوێکی بەرهەڵستکاری حکوومەتی سووریایە و سەرچاوەیەکی ئۆپۆزسیۆنی سووریای رایگەیاند: "چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن شارۆچکەی تسیلیان لە باشووری سووریا لە بندەستی دوو گرووپی لایەنگری رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامییان (داعش) دەرکرد، دوای رۆژێک لە دەرکردنی شارێکی دیکە لە بندەستی چەکدارانی توندڕەو لە باکووری سووریا".

روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ و سەرچاوەکەی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە رۆیتەرزیان گوتووە کە: "چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن درەنگانی شەوی رابردوو شارۆچکەی تسیلیان لە پارێزگای دەرعا لە نزیکی سنووری هاوبەشی نێوان سووریا و ئوردن و گردی جۆلان کە ئیسرائیل داگیری کردووە".

بەپێی سەرچاوەکان ئەو گرووپە لایەنگرەکانی داعش کە لە شارۆچکەی تسیل دەرکراون بریتین لە گرووپەکانی (شوهەدای یەرمووک و حەرەکەی ئەلموسەننا)

هاوکات گوتەبێژی کۆمەڵەی ئەلوییەی سەیفولشام، ئەبو گەیاس ئەلشامی کە گرووپێکی بەشدارە لە هاوپەیمانێتی ئۆپۆزسیۆنی چەکداری سووریا لە باشووری ئەو وڵاتە، گوتی: "شەڕەکەمان بەردەوامە لە دژیان تاوەکوو ناوچەکەیان لێ پاکدەکەینەوە" و ئاماژەشی کرد کە هێرشەکانی ئەم دواییە: "هەڵمەتێکی فراوانە لە دژی داعش".

ئەمە لە کاتێکدایە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە هێرشێکدا لە باکووری سووریا و لە نزیکی سنووری تورکیا شارۆچکەی راعییان لە بندەستی چەکدارانی لایەنگری داعش دەرکرد.

ئا: ئا ، ف