بەشار ئەسەد لای ئێران ھێڵی سوورە

ھێزێکی دەرەکی ناتوانێت ئەو بڕیارە لەجیاتی گەلی سووریا بدات

بەرپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانی رایگەیاند، لابردنی بەشار ئەسەد، لەسەر کورسی دەسەڵات، بۆ ئێران ھێڵی سوورە.

عەلی ئەکبەر ولایەتی، گەورە راوێژکاری عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە: "کە رۆیشتنی ئەسەد لەسەر دەسەڵات ھێڵی سوورە لای حکوومەتی تاران و پێویستە ئەسە،د وەك سەرۆکی سووریا بمێنێتەوە ھەتا کۆتایی ھاتنی ماوەی سەرۆکایەتیی".

ویلایەتی، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "تەنیا گەلی سووریا دەتوانێ بڕیار لە سەر چارەنووسی وڵاتەکەیان بدەن و ھیچ ھێزێکی دەرەکی ناتوانێت ئەو بڕیارە لەجیاتی گەلی سووریا بدات".

لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەدا راوێژکاری رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران، سەبارەت بە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەوەی خستوەتەڕوو: "ئەمریکا سیاسەتێکی شکستخواردوو لەناوچەکە پەیڕەو دەکات و ئێستاش ئەمریکا چاوی ھەڵنایەت بەرامبەر بەوەی کە ئێران، لە عێراق و ئەفغانستان کاریگەری ھەیە".

ئەمە لە كاتێكدایە زیاتر لە پێنج ساڵە سووریا تووشی قەیرانی سیاسی بووە، جگە لە ھێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن، بەشێك لە خاكی سووریا لە ژێر دەستی چەندین گرووپی دیكەی توندڕەو دایە، ھەفتەی رابردووش ئێران بە فەرمی رایگەیاند، ھێزی سەربازی لە سووریا جێگیر كردووە.