روانگەی سووریا: "داعش" شارێکی سووریای لە نزیکی سنووری تورکیا گرتەوە

K24-هەولێر

روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند چەکدارانی رێکخراوی داعش ئەمڕۆ دووشەممە دەستیان گرتەوە سەر شاۆچکەی ئەلراعی لە باکووری سووریا لە نزیکی سنووری هاوبەشی ئەو وڵاتە و تورکیا.

روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە رێکخراوێکی بەرهەڵستکاری حکوومەتی سووریایە و بارەگای لە شاری لەندەنە راشیگەیاند: "توندڕەوەکانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی ئەمڕۆ دووشەممە شارۆچکەی ئەلراعیان لە باکووری پارێزگای حەلەب گرتەوە، کە لە چەند رۆژی رابردوو چەند گرووپێکی ئۆپۆزسیۆن کە لە لایەن تورکیاوە پاڵپشتیی دەکرێن، دەستیان بەسەردا گرتبوو".

چەند گرووپێکی سەر بە لیوای سوپای سووریای ئازاد رۆژی پێنجشەممەی رابردوو شارۆچکەی ئەلراعیان لە نزیکی سنووری تورکیا لە بندەستی دوو گرووپی سەر بە رێکخراوی داعش دەرکرد، بەڵام ئەمڕۆ جارێکی دیکە چەکدارانی داعش دەستیان گرتەوە سەر شارۆچکەکە.

ئەمە لە کاتێکدایە هێشتا ناوچەیەکی فراوانی سووریا لە بندەستی چەکدارانی داعشدایە لە کاتێکدا حکوومەتی سووریا و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و چەند گرووپێکی ئیسلامیی چەکدار و چەند گرووپێکی عەلمانیی ئۆپۆزسیۆنی سووریا ناوچەکانی دیکەی سووریایان کۆنتڕۆڵ کردووە.

سەرچاوە: رۆیتەرز، ئا: ئا ، ف