كەسێك بە تۆمەتی دابینكردنی چەك و تەقەمەنی بۆ داعش دەستگیر دەكرێت

"چەك و تەقەمەنی بۆ ھێرشەكانی پاریس دابینكردووە"

K24 - ھەولێر:

وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا رایگەیاند، كەسێكیان دەستگیركردووە كە چەك و تەقەمەنی بۆ چەكدارانی داعش دابینكردووە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا كە دراوە بە میدیا جیھانیەكان، كەسێك بە ناوی ئەنتوان دێنیڤ، لە لایەن پۆلیسی ئیسپانیا دەستگیركراوە، ئەو كەسە لە رێگەی دابینكردنی چەك و تەقەمەنی ھاوكاری داعشی كردووە".

وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا رونیكردوەتەوە: "ئەو كەسەی بە تۆمەتی ھاوكاری داعش دەستگیركراوە، چەكی و تەقەمەنی داوا بە ئامیدی كۆلیبالی، ئەندامی داعش كە لە كانوونی دووەمی 2015،  لە دوو ھێرشدا لە پاریس، 5 كەسی كوشت.

ئەنتوان تەمەنی 27 ساڵە لەم ھەفتەیە لە شارۆچكەی ڕینكۆن دی لا ڤیكتۆریا لە نزیك مەلەگا لە ئۆپەراسیۆنێكی ھاوبەشی ئیسپانی-فەڕەنسی دەستگیركراوە.

ئەمە لە كاتێكدا رێكخراوی داعش لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا چەند ھێرش و تەقینەوەی خۆكوژی لە بەلجیكا و فەڕەنسا ئەنجامدا كە بووە كوژران و برینداربوونی ژمارەیەكی زۆری خەڵكی پاریس و بڕۆكسڵ، ئەمەش وایكرد وڵاتە ئەورووپیەكان رێوشوێنی ئەمنی توندتر بگرنەبەر.