ئۆباما: له‌ عێراق و سووریا داعش له‌ حاله‌تی به‌رگریكردندایه‌

"زیاتر له‌ 11 هه‌زار و 500 هێرشی ئاسمانی كراوه‌ته‌ سه‌ر داعش"

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكی ئه‌مریكا رایگه‌یاند (داعش) له‌ عێراق و سووریا له‌ حاله‌تی به‌رگریكردنه‌، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد زیاتر له‌ 11 هه‌زار هێرشی ئاسمانی كراوه‌ته‌ سه‌ر ئامانجه‌كانی داعش.   

دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ راوێژكارانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له‌ باره‌گای ئاژانسیی هه‌واڵگریی ناوه‌ندیی ئه‌مریكا (CIA) باراك ئۆباما به‌ رۆژنامه‌نووسانی گوت: "وه‌ك به‌شێك له‌ هه‌وڵه‌ رێكخراوه‌كانمان بۆ پێداچوونه‌وه‌ و خستنه‌ڕوو و به‌رده‌وامدان به‌ چڕكردنه‌وه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌مان دژی داعش له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كۆبوومه‌وه‌".

له‌ به‌شێك له‌ قسه‌كانیدا بۆ رۆژنامه‌نووسان  ئۆباما گوتی: "له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیعدا ئه‌مڕۆ داعش له‌ عێراق و سووریا له‌ حاله‌تی به‌رگریكردنه، هاوپه‌یمانێتییه 66 وڵاتیه‌كه‌مان له‌ نێویشیاندا هاوبه‌شه‌ عه‌ره‌به‌كانمان له‌ حاله‌تی هێرشبردن و هێرشكردندان،‌ گوڕ و تینمان هه‌یه‌ و سوورین له‌سه‌رئه‌وه‌ی پارێزگاری له‌و گوڕ و تینه‌ بكه‌ین".  

سه‌رۆكی ئه‌مریكا گوتیشی: "تا ئێستا زیاتر له‌ 11 هه‌زار و 500 هه‌ڵمه‌تی ئاسمانیی (كراوه‌ته‌ سه‌ر داعش) و بۆردومانكردنی ئامانجه‌كانی داعش به‌رده‌وامده‌بێت".   

سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئاماژه‌ی به‌ رزگاركردنی شارۆچكه‌ی شه‌دادی كرد له‌ سووریا(رۆژئاوای كوردستان)‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سووریای دیموكرات كه‌ یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل(یه‌په‌گه)‌ هێزێكی سه‌ره‌كییه‌ تیایدا و گوتی: "هێڵی ستراتیژیی پشتیوانیكردنی داعشمان پچڕاند له‌ نێوان شاری رققه‌ پێگه‌ی داعش له‌ سووریا و مووسڵ له‌ عێراق".   

سه‌رچاوه‌: REUTERS+AP ، و: م.ح