پەرلەمانتارێكی كورد: ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق روودەدات پلانێكی داڕێژراوە

"ئامانجی ئەو پەرلەمانتارانە لە 24 كاتژمێردا گۆڕا"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/ed2efaf1-79e4-4427-a5e8-b307807657c3/Ashwaq%20Caf.ism/manifest

 K24 - بەغدا:

پەرلەمانتارێكی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق روودەدات شۆڕشی سپی نییە، بەڵكو پلانێكی داڕێژراوە و دەمیكە كاری بۆ دەكرێت.

لە لێدوانێكدا بۆ (كوردستان24) ئەشواق جاف، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "ئەوەی روودەدات لەم سێ رۆژە، ئەوانەی لە دوورەوە ئەوەی سەیری بكەن لەوانەیە پێیانوابێت شۆڕشێكی سپییە، بەڵام بە بۆچوونی من ئەوە پلانێكە داڕێژراوە پێشتر كاری لەسەركراوە".

گوتیشی: "كۆبوونەوەی دوێنێی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران ھیچ ئەنجامێكی نەبوو، تەنھا ھەر كەسێك دەیویست ئەو ئاگرە لە خۆی دوورخاتەوە، بۆیە پێم وانییە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆماری عێراق بەشداری كۆبوونەوەكە بن، تەنھا سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران ئامادە دەبێت".

ئەشواق جاف، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "یەكەم داوای ئەو پەرلەمانتارانەی مانیان گرتووە ئەوەیە، یەكەم ھەنگاو سەرۆكایەتی پەرلەمان بگۆڕێت، واتا ئامانجی ئەو پەرلەمانتارانە لە 24 كاتژمێردا گۆڕا، پێشتر داوایان دەكرد كابینەی حكوومەت بگۆڕدرێت، بەڵام ئێستا دەڵێن وەك یەكەم ھەنگاو سەرۆكی پەرلەمان بگۆڕێت دواتر سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، دواتریش سەرۆكی كۆمار".