به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاو وڵاتی سلڤادۆر باری له ناكاوی راگه‌یاند
K24 – هه‌ولێر:
به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاو وڵاتی سلڤادۆر له ئه‌مریكای ناوه‌ڕاست باری له ناكاوی راگه‌یاند و ئاماژه‌ی به كاریگه‌رییه‌كانی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و دیارده‌ی نینۆ كرد، به گوێره‌ی ئاژانسیی رۆیته‌رزیش ئه‌مه یه‌كه‌مجاره له مێژووی خۆیدا ئه‌و وڵاته دووچاری كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاو ببێته‌وه.
له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا سانشێز سیرین سه‌رۆكی سه‌لڤادۆر گوتی: له چوار ساڵی رابردوودا به‌شێوه‌یه‌كی زۆر باران بارین له وڵات‌دا كه‌میكردوه، ئاستیی رووباره‌كان و یه‌ده‌گه‌كانی ئاو گه‌یشتوه‌ته حاله‌تێكی خراپ.
له هه‌فته‌كانی رابردوودا به‌هۆی كه‌می ئاو له ناوچه‌كانیان، دانیشتوانی چه‌ند گه‌ڕه‌كێك له نزیك سان سلڤادۆری پایته‌ختی سلڤادۆر ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی و رێكخست.
ساڵی پاریش به‌هۆی وشكه‌ساڵییه‌كی تونده‌وه كه نزیكه‌ی 1.6 ملیۆن كه‌س له ناوچه‌كه زیانیان به‌ركه‌وتوه، چه‌ند وڵاتێك له ئه‌مریكای ناوه‌ڕاست باری ئاماده‌باشیان له كه‌رتی كشتوكاڵ راگه‌یاند.
REUTERS ، م.ح