ئاگری باڵەخانەكەی مەكتەبی راگەیاندنی پارتی كۆنتڕۆڵكرا

"زیانی گیانی لێ نەكەوتووەتەوە"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/4bd1b3be-07e5-43c5-889f-c8e70e6a3aa7/agr%20tebarbuni%20baragay%20party.ism/manifest

K24 - ھەولێر:

كەمێك پێش ئێستا باڵەخانەی سەنتەری میدیای مەكتەبی راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ھەولێر گڕی گرت، رۆژنامەنووسێكی دەزگاكە رایگەیاند، ئاگرەكە كۆنتڕۆڵكراوە و رووداوەكە زیانی گیانی لێ نەكەوتووەتەوە.

پەیامنێری (كوردستان24) لە ھەولێر رایگەیاند: "كەمێك پێش ئێستا سەنتەری میدیای پارتی دیموكراتی كوردستان  بەھۆی كاركردنی ھەندێك كرێكار لە باڵەخانەكە گری گرت ".

بەرھەم شێخ عزەدین، یەكێك لە رۆژنامەنووسانی رۆژنامەی خەباتە كە لەو باڵەخانەیە دەوام دەكات بە (كوردستان24)ی راگەیاند: "چەند كرێكارێك لە باڵەخانەكە كاریان دەكرد و خەریكی چاككردنەوەی یەكیك لە بەشەكانی دەزگا بوون، لەحیمیان دەكرد بەو ھۆیەوە باڵەخانەكە ئاگری گرتووە".

گوتیشی: "خۆشبەختانە رووداوەكە زیانی گیانی بەدواوە نەبووە، بەر لەوەی ئاگرەكە تەشەنە بكات، ھەموومان ئاگاداركراینەوە و ھەموو كارمەندان ھاتنە خوارەوە و بە سەلامەتی رزگاربوون".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "تیمەكانی ئاگركوژێنەوە لە ماوەیەكی كەمدا گەیشتنە شوێنی رووداوەكە، ئێستا ئاگرەكە كۆنتڕۆڵكراوە".

سەنتەری میدیای پارتی لە ھەولێر زۆربەی كەناڵ و ئۆرگانەكانی سەر بە پارتی دیموكرات لە خۆ دەگرێت و سەر بە مەكتەبی راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە.