پارتی و یه‌كێتی: ریفراندۆم مافی دیموكراسی و بێ ئەملا و ئەلای گەلی كوردستانە

پارتی و یه‌كێتی: ئاماده‌ی هاتنه‌ به‌غداین

K24 - هه‌ولێر:

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی كۆتایی كۆبوونه‌وه‌ی نێوان مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێشتی نیشتمانی كوردستان، به‌ سه‌رپه‌رشی مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، وێڕای جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر یه‌كده‌نگی و یه‌كڕیزی كورد، داوا له‌ حكوومه‌تی به‌غدا ده‌كه‌ن، له‌ چوارچێوه‌ی یاسا و ده‌ستوور، چاره‌سه‌ر كێشه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر بكه‌ن و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، شاندی هه‌رێم، به‌ ئه‌ندامێتی حزبه‌ كوردستانییه‌كان له‌ناو په‌رله‌مانی عێراق، ئاماده‌یه‌ بچێته‌ به‌غدا.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، ئاماژه‌ی به‌ دۆخی ئێستای عێراق ده‌كه‌ن و دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌و كێشانه‌ی ئێستا له‌ناو په‌رله‌مانی به‌غدا رووده‌ده‌ن، كورد نابێته‌ به‌شێك لێی و جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌وان ئاماده‌ن به‌شداری له‌ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌دا بكه‌ن.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌شدا هاتووه‌: "بەشێكی هێزە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی دیكەی ناو پەرلەمانی عێراق، بەرەبەرە عێراقیان لە هەڵدێڕی سیاسی و جەنگی ناوخۆیی نزیك خستووەتەوە".

 

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

خەڵكی عێراقی دڵسۆز

گەلی كوردستانی خۆڕاگر

هێزە سیاسییەكانی عێراق و كوردستان

لە هەلومەرجێكی مەترسیداری عێراق و ناوچەكە، لە كاتێكدا ئومێدێكمان هەبوو لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان و حكوومەتی ئێستای بەڕێز عەبادی كێشەكانی ڕابردووی ئابووری و سیاسی و یاسایی سەراپای عێراق، نەخشەڕێگەی چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە و، چارەسەری كێشەی نێوان بەغدا و هەرێم بكرێت و بەڕاستی وڵاتەكە بخرێتە ناو پڕۆسەی دیموكراسی فیدڕاڵی، كەچی بەداخەوە، سەرەڕای دانبەخۆداگرتنی هەرێمی كوردستان و هێزە سیاسییە تێكۆشەرەكانی، سەبارەت بەو ناعەدالەتییەی لە جێبەجێنەكردنی دەستوور، گرفتی بڕینی بودجە و مووچە و هاوكاریی پێشمەرگە، جگە لە پڕوپاگەندەی نابەجێ بەرانبەر كورد و ئەزموونە دیموكراسییەكەی، سەرەڕای هەموو ئەو ڕاستییانە، هەرێمی كوردستان دانی بەخۆدا گرت. كەچی بەشێكی هێزە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی دیكەی ناو پەرلەمانی عێراق، بەرەبەرە عێراقیان لە هەڵدێڕی سیاسی و جەنگی ناوخۆیی نزیك خستووەتەوە. ئەمەیش كاریگەریی لەسەر كۆی دۆخە سیاسییەكەی ناوچەكە و عێراق و كوردستاندا هەیە، بە شەڕی چارەنووسسازی داعشیشەوە.

پارتی و یەكێتی لە كاتێكدا لە سەردەمی ئۆپۆزیسیۆنەوە، بۆ دوای ڕووخانی ڕژێمی سەددام و سەرلەنوێ پێكهێنانەوەی عێراقێكی فیدڕاڵ، لە ڕاپەڕاندنی ئەركە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكان كەمتەرخەمیمان نەكردووە و قوربانییەكی بێشومارمان لەم پێناوەیشدا داوە. تا گەییشتینە ڕادەی ئەنفال و كیمیابارانكردنی كوردستان، بەڵام مەخابن لەدوای ڕووخاندنی سەددامیش، جگە لەو كێشانەی لە عێراقدا دروست كراون و زیانی هەموو لایەنەكانی تێدایە، گەلی كوردستان دووچاری جۆرێك لە نائومێدی كرا، سەبارەت بەوەی لەڕووی ئابووری، سیاسی، یاسایی و حوكمڕانییەوە، هەر حكوومەتێك لەدوای سەددامەوە هاتبێتە سەركار، نەك لە جێبەجێكردنی دەستوور و ڕێككەوتنە سیاسییەكان دەستی دەستیمان پێكراوە، بەڵكو كێشە لەدوای كێشەی چاوەڕواننەكراویشمان بۆ دروست دەكرێ. بە تایبەت لەڕووی ئابووری و حوكمڕانی و جێبەجێكردنی ماددەی سەدوچلەوە.

 

ئازادیخوازان..

دۆخەكە بەداخەوە لەڕۆخی دۆخی مەترسیدارە، وەكو گەلی كوردستان نەك هەر بەشێك نین لەم كێشە تەقیوەكانی ناو پەرلەمان و حكوومەتی عێراق، بەڵكو بێ درێخ هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانیشمان داوە و دەدەین. نە كاری نابەرپرسانەمان كردووە، نە كاردانەوەی تێكدانی زیاتری دۆخەكەیشمان نواندووە. فڕاكسیۆنەكانی كوردستان لە بەغدا یەكڕیز و یەكهەڵوێست، سیاسەتی بڕیارلێدراوی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانیان بە جوانی بەرجەستە كردووە. لێرەیشدا دووپاتی دەكەینەوە كە:

یەكەم: هەروەكو هێزە سیاسییەكانی كوردستان بڕیارمان داوە، سەرلەنوێ دانوساندنێكی نوێ بەپێی پڕۆژەیەكی پەسەندكراوی هەموو لایەنە سیاسییەكان، كە تەواوی داخوازییەكانی ئێستامان لەخۆ دەگرێ، بۆ یەكجاری چارەسەری كێشەكان، لەڕێگەی وەفدێكی هاوبەشی لایەنە بەشدارەكانی پارلەمانی عێراق و پێكهاتەكانی كوردستان، ئامادەی هاتنە بەغداین بە زووترین كات.

دووەم: چارەسەری كێشەی ئێستای پارلەمان و حكوومەت، دیسان بەڕاگرتنی هاوسەنگیی سازانی سیاسی و حكوومەتی بەتوانای ڕاستەقینەیە. سازان لەسەر بنەمای متمانە، حكوومەتیش تواناكانی جێبەجێكردنی پڕۆژەی هاوبەشی حوكمڕانیی هەمە لایەك بەدی بهێنێت، بە هەرێمی كوردستانیشەوە.

سێیەم: توانای زیاتر دەخەینە كار، بۆ ئەوەی ناوماڵی سیاسیی كوردستان لەبەر ڕۆشنایی باری بابەتیی ئێستای سیاسی چارەسەری بۆ بدۆزینەوە و مافی لایەن سیاسییەكان و پێكهاتەكانی كوردستانیش بەپێی شاییستەیی هەڵبژاردن دەستەبەر دەكرێ.

چوارەم: ڕیفراندۆم مافی دیموكراسی و بێ ئەملا و ئەلای گەلی كوردستانە بێگومان یەكەمین لایەن و یەكەمین دەوڵەت، كە بە پێویستی دەزانین لەسەر مافی ڕیفراندۆم دیالۆگیان لەگەڵدا بكەین، لایەنە سیاسییەكانی عێراق و پارلەمان و حكوومەتی عێراقە.

داوا لە هەموو لایەكیش دەكەین تاكە ڕێگەی بەردەم هەموو لایەكمان گفتوگۆی بەرپرسیارانەیە، نەك ڕقەبەرایەتی و تۆڵەسەندن و مەرەمخوازی. هەموو گۆڕانكارییەكیش لەڕێگەی یاسایی و شەرعییەتەوە دەبێ ئەنجام بدرێت.

 

پارتی دیموكراتی كوردستان                  یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان

16ـی 4ـی 2016