عه‌ره‌به‌ سووننه‌كانی كه‌ركووك هه‌ڕه‌شه‌ له‌ عه‌بادی ده‌كه‌ن

شیعه‌كانیش هه‌ڵوێستی پێچه‌وانه‌یان هه‌یه‌
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/c289d168-4f3e-42e8-8a32-27cc53df3e58/sunei%20kerkuk%20u%20jburi.ism/manifest

K24 - كه‌ركووك:

عەرەبە سووننەکانی کەرکووك ھەڕەشەی خۆپێشاندان و مانگرتن لەحەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەکەن و تۆمەتباری دەکەن بەوەی کە دەستی ھەبووە لەپێشێوییەکانی پەرلەمان.

ژمارەیەك کەسایەتی عەشائیری و سیاسی عەرەبی لە کەرکووك، داوایان کرد کە ئەو کەسانەی سەرۆکی پەرلەمانیان لەکارخستووە پاشگەزببنەوە، ڕاوێژکارێکی سەرۆکی پەرلەمانیش دەڵێت: "ئەو دانیشتنەی کە ئەنجامدراوە نایاساییە"، هه‌رچه‌ی شیعەکانی کەرکووكه‌، مانگرتنیان ئەنجامدا بۆ پاڵپشتی کردن لە گۆڕینی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق.

کاردانەوەی عەرەبە سوننەکان بۆ لەسەر کارلابردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کەرکوکەوە بوو، ژمارەیەک کەسایەتی عەرەبی سوننە، ھەڕەشەی جوڵاندنی شەقامیان لە دژی سەرۆک وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی کردو باسیان لەوە کرد کە ئەوەی لەنێو ھۆڵی پەرلەمان ڕوویدا کودەتایەک بوو لە سەر سوننەکان.

ڕاوێژکارێکی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت: "تا ئێستا سەلیم جبوری سەرۆکی پەرلەمانەو دەستبەرداری پۆستەکەی نەبووە"، هه‌روه‌ها دانیشتنەکەی پەرلەمانیش بە نایاسای وەسف دەکات.

عەرەبە سووننەکان، کە ئێستا بەشێکی زۆری ناوچەکانیان لەژێر دەسەڵاتی داعشدایە، داوا لەلایەنە سیاسییەکان دەکەن ئەلەوییەتی کارکردنیان، رزگارکردنی ناوچەکانییان بێت لەدەست داعش، نەك شەڕی پلەو پۆست.

بەپێچەوانەی عەرەبە سوننەکان، شیعەکان پشتگیری گۆڕانکارییەکەی پەرلەمان دەکەن،  ژمارەیەك ھاووڵاتی و لایەنگری سەر بەموقتەدا سەدر کۆبوونەتەوە، ھەروەھا ئامادەکارییەکان بۆ ئەوەیە کە خێوەتێك ھەڵبکرێت و بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر مان بگرن، داواکارییەکانیانیش بریتین لە چاکسازی لە ھەموو جومگەکانی دەسەڵاتدا.

ھاووڵاتیانی عێراق بەشێوەیەکی گشتی، چاویان خستووه‌تە سەر ئەو حکوومەتە تەکنۆکراتەی کە بڕیارە پێکبھێنرێت، بەڵام تا ئێستا لایەنە سیاسییەکان ئامادە نین دەست لە پشکی خۆیان ھەڵگرن.