ئێران به‌شێك له ئامێره‌كانی سیستمی مووشه‌كیی ئێس-300 ده‌رخست و نمایشكرد
K24 – هه‌ولێر:
له میانه‌ی نمایشێكی سه‌ربازیی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه له باشووری تاران، ئێران به‌شێك له ئامێره‌كانی سیستمی مووشه‌كیی ئێس-300 ئاشكراكرد.
ئه‌و وێنانه‌ی كه ئاژانسیی ئیسنا بۆ هه‌واڵ بڵاویكردوونه‌ته‌وه له نمایشی سه‌ربازیی كه به‌بۆنه‌ی "رۆژی سوپا له كۆماری ئیسلامیی ئێران" رێكخرابوو, به تایبه‌تی لووله‌كی مووشه‌كه‌كان و سیستمی رادار ده‌رده‌كه‌ون.
له‌و نمایشه سه‌ربازییه‌دا حه‌سه‌ن رۆحانی سه‌رۆكی ئێران گوتی: "هێزه سه‌ربازیی و سیاسیی و ئابوورییه‌كه‌مان دژی وڵاته دراوسێكان و وڵاتانی ئیسلامیی ئاڕاسته‌نه‌كراون".
حه‌سه‌ن رۆحانی زیاتر گوتی: "كاتێك تیرۆریستان هه‌ڕه‌شه‌یان له به‌غدا كرد، كۆماری ئیسلامیی ئێران به‌ده‌م بانگه‌وازی گه‌ل و سوپا و حكوومه‌ت له عێراق چوو، بۆ به‌رگریكردن له به‌غدا و مه‌زاره پیرۆزه‌كان" لاى شيعه.
روحانى ئه‌وه‌شی گوت: "كاتێكیش دیمه‌شق هه‌ڕه‌شه‌لێكراوبوو، كۆماری ئیسلامیی ئێران وه‌ڵامی بانگه‌وازی گه‌ل و حكوومه‌تی له سووریا دایه‌وه".
دووپاتیشیكرده‌وه ئێران ئاماده‌یه "به‌رگریی" له‌هه‌ر پایته‌ختێك بكات له جیهانی ئیسلامیی به تایبه‌تی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی(داعش) و رێكخراوی قاعیده.
زۆرجار سعودییه و عه‌ره‌به هاوپه‌یمانه‌كانی ره‌خنه‌ده‌گرن له‌وه‌ی كه ناوی ده‌نێن "ده‌ستوه‌ردان"ی ئێران له كاروباری وڵاتانی جیهانی عه‌ره‌بیی.
هه‌فته‌ی رابردوو حوسێن جه‌عفه‌ر ئه‌نساری گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران گوتی رووسیا "به‌شی یه‌كه‌می" بۆندی راده‌ستكردنی سیستمی مووشه‌كیی ئێس-300 به ئێران جێبه‌جێكرد.
له‌باره‌ی ئه‌و بۆنده‌وه ئه‌مریكا و ئیسڕائیل ره‌خنه‌كان ئاڕاسته‌ی رووسیا ده‌كه‌ن، چونكه سیستمی ئێس-300 بوار به ئێران ده‌ڕه‌خسێنێت به‌رگریی دژه فڕۆكه‌وانی به‌هێز بكات بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ر هێرشێك ئه‌گه‌ر بكرێته سه‌ر دامه‌زراوه ئه‌تۆمییه‌كانی.
له 2007 ئێران و رووسیا بۆندێكیان بۆ راده‌ستكردنی سیستمه‌كانی ئێس-300 واژووكرد، به‌ڵام وه‌ك پابه‌ندبوونێك به بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش دژی پڕۆگرامی ئه‌تۆمیی ئێران، مۆسكۆ له 2010 ئه‌و بۆنده‌ی هه‌ڵپه‌سارد.
هه‌ریه‌كه له رووسیا و ئێران گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن مۆسكۆ فڕۆكه‌ی جه‌نگیی له جۆری سۆخۆی-30 راده‌ستی تاران بكات، واشینتۆن ره‌خنه‌ی له‌مه‌ش گرت.
سه‌رچاوه: AFP ، و: م.ح