نتانیاھۆ: ئیسرائیل ھەرگیز بەرزاییەكانی جۆلان جێناھێڵێت

“ئەگەر لایەنەكانی نێودەوڵەتی بگەنە رێگەچارەیەك لە سووریا دا، ئەوە نابێت باس لە بەرزایییەكانی جۆلان بكەن”
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/2684d629-5871-4393-94f7-81a2cc168422/Natanyaho-colan-syria.ism/manifest

K24 – ھەولێر:

بنیامین نتانیاھۆ، سەرۆك وەزیرانی  ئیسرائیل  رایگەیاند ھەرگیز ئیسرائیل سازش لەسەر بەرزایییەكانی جۆلان ناكات و ئەگەر لایەنەكانی نێودەوڵەتی بگەنە رێگەچارەیەك لە سووریا دا، ئەوە نابێت باس لە بەرزایییەكانی جۆلان بكەن، ئەوە پەیامێكی نتانیاھۆ بوو بۆ ئەمریكا و رووسیا كە سەرپەرشتی ئاگربەست لە سووریادا دەكەن.

بنیامین نتانیاھۆ رایگەیاند: "ئەو كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە بەرزایییەكانی جۆلان ئەنجامدەدەین بۆ ئەوەی پەیامێكی روون بگەیەنین، ئەویش ئەوەیە كە بەرزایییەكانی جۆلان لەژێر دەستی ئیسرائیل دەمێنێتەوە تاھاتەیایە و ئیسرائیل ھەرگیز ئەو بەرزایییانە جێناھێڵێت".

ھەروەھا بنیامین نتانیاھۆ گوتیشی: "ئێمە دژی چارەسەری سیاسی لە سووریا ناوەستین ئەگەر لەسەر حیسابی ئاسایشی ئیسرائیل نەبێت، مەبەستم ئەوەیە، لە كۆتاییدا دەبێت ئێران و حیزبوڵا و داعش لە خاكی سووریا بڕۆن و دەربكرێن، كاتی ئەوە ھاتووە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دان بەوە دابنێت كە ھەرچییەك روودەدات لە دەرەوەی سنوری ئیسرائیل نابێت كاریگەری لەسەر بەرزایییەكانی جۆلان ھەبێت و واقیعی جۆلان بگۆڕێت".

دوای ئەوەی لە ساڵی 1967 ئیسرائیل بەرزاییەكانی جۆلانی كۆنتڕۆڵكرد، بۆ یەكەم جارە بنیامین نتانیاھۆ، سەرپەرشتی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی وڵاتەكەی دەكات لە جۆلان.