ھەریەك لە ترەمپ و كلینتۆن لە ویلایەتی نیویۆڕك سەركەوتنیان بە دەستھێنا
K24- ھەولێر:
لە دوایین ھەڵبژاردنە نێوخۆییەكانی ئەمریكا ھەریەك لە دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری پارتی كۆمارییەكان و ھیلاری كلینتۆن، بەربژێری دیموكراتەكان سەركەوتنیان بە دەست ھێنا.
لەدوایین خوولی ھەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی پارتی کۆمارییەکانی ئەمریکا بۆ دەستینشانکردنی کاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا، دۆنالد ترەمپ سەرکەوتنێکی گەورەی بەسەر تێد کروزی رکابەری و جۆن کاسیج دا بەدەست ھێنا.
ھەڵبژاردنەکان لە ویلایەتی نیویۆڕک بهڕێوهچوو، بەگوێرەی نوێترین زانیاریی لەکۆی 95 کورسی ویلایەتەکە، ترەمپ نزیکەی 90 کورسی بەدەست ھێناوە و بەمەش زۆر نزیک بووەتەوە بۆ بوونە کاندیدی سەرەکی پارتەکەی له ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
لەلایەکی دیکەوە لە ئەنجامی ھەڵبژاردنە نێوخۆکانی پارتی دیموکراتەکان، ھیلاری کلینتۆن جارێکی دیکە سەرکەوتنێکی گەورەی بەسەر بێرنی ساوندەرسی رکابەریدا تۆمار کرد و بەمەش ، کلینتۆن و ترەمپ ههنگاوی گهورهیان بڕیوه بۆ بوونە دوو کاندیدی سهرهكی بۆ ههڵبژاردنی سەرۆکی داھاتووی ئەمریکا.