شاندی هه‌رێمی كوردستان ورده‌كاری سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ ئه‌مه‌ریكا ئاشكرا ده‌كه‌ن

داواكارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌مه‌ریكا روون ده‌كه‌نه‌وه‌
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/424fb9f2-01a2-4e1c-bf55-1766d26dedb0/shandi%20hkumat%20bo%20amrika.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

ئەو شاندەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کە بە سەردانێکی حەوت رۆژە لە ئەمریکا بوون، گەڕانەوە، لە کۆبوونەوەیەکیشدا لەگەڵ نوێنەری کەناڵەکانی راگەیاندن ئاشکرایانکرد، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەمریکا میکانیزمێك بۆ دابەشکردنی یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە دادەنێت، بۆ ئەو مەبەستەش شاندێکی ئەمریکا لەم نزیکانەدا سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات.

تا ئێستا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نازانێت، ئەمریکا چۆن ئەو ھاوکارییە سەربازییانە دەداتە پێشمەرگە، کە بریاری لەسەر دراوە، شاندی حکوومەتی ھەرێم لە ئەمریکا داوایان کردووە ئەمریکا پەلە بکات لە ناردنی شاندێك بۆ کوردستان، چونکە میکانزمێك پێویستە بۆ دابەشکردنی ئەو ھاوکارییە.

ھەرچەندە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێیوایە ئەو ھاوکارییەی ئەمریکا لە ئاست گەورەیی شەڕی داعش نییە، بەڵام ئەمریکا دەیەوێ بەم ھەنگاوەی دەرگایەك بە رووی وڵاتانی دونیا بکاتەوە، تا ھاوکاری ھەرێمی کوردستان بکەن.

حکوومەتی ھەرێم داوای لە ئەمریکا کردووە، چەکی دژە تانك و ئامێری پووچەڵکردنەوەی بۆمب و ماسکی پاراستن لە چەکی کیمیاوی بۆ پێشمەرگە بنێرن، جگە لەوەش بە ئەمریکایان راگەیاندووە، پێویستە ھێزێکی تۆکمە و راھێندراو بۆ پێشمەرگە، بۆ دوای نەمانی داعش دروست بکرێت، چونکە دەیانەوێ پێشمەرگە ئاسایشی ئاوارە گەراوەکان بۆ شوێنەکانیان لە ئەستۆ بگرێت.

ھەفتەی رابردوو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، ئاشتۆن کارتەر، وەزیری بەرگری ئەمریکا، بە سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی راگەیاند، هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە، کەوتنە بواری جێبەجێکردنەوە، حکوومەتی ھەرێمیش ھیواخوازە میکانزمێکی گونجاو بۆ دابەشکردنی ئه‌و هاوكارییانه‌ دابندرێت.