لە ماردین خۆپێشاندان و چالاكی مەدەنی قەدەغە دەكرێن

"تا 30 رۆژ بەردەوام دەبێت"

K24 - ھەولێر:

پارێزگای ماردین لە باكووری كوردستان لە سنووری شارەكەدا كۆبوونەوە و چالاكی و خۆپێشاندان و كۆنگرە و لێدوانی رۆژنامەوانی قەدەغە كرد.

لە راگەیاندراوێكدا پارێزگای ماردین ئەوەی خستەڕوو: "بۆ ماوەی 30 رۆژ لە تەواوی سنووری پارێزگای ماردین، ھەموو جۆرە خۆپێشاندان و كۆبوونەوە و لێدوان و كۆنگرەی رۆژنامەوانی قەدەغە دەكرێن".

پارێزگای ماردین قەدەغەكردنی چالاكییە مەدەنییەكان بۆ پاراستنی بارودۆخی ئەمنی دەگێڕێتەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە: "ئەگەری ئەوە ھەیە رێكخستنە تیرۆرسیتییەكان ماردین بۆ پڕوپاگەندەی خۆیان بەكاربێنن، ئەمەش بۆ رەوشی ئەمنی و ھاووڵاتیان مەترسیدارە".

قەدەغەكردنی چالاكییە مەدەنییەكان لە ماردین لە دوێنێ 22ی نیسان دەستی پێكرد و بۆ ماوەی 30 رۆژ بەردەوام دەبێت، بەگوێرەی راگەیاندراوەكەی پارێزگای مارین بە ھیچ جۆرێك مۆڵەت بە كەس نادرێت چالاكی و خۆپێشاندان ئەنجامبدەن.

ئەمە لە كاتێكدایە لە 13ی ئاداری 2016، ئۆپەراسیۆنی سەربازی و قەدەغەی ھاتووچۆ لە ناوچەی گەڤەڕ و جۆلەمێرگ راگەیاند، بۆ ماوەی مانگێگ ئۆپەراسیۆن بۆ دەستگیركردنی ئەندام و لایەنگرانی پەكەكە بەردەوام بوو.