لە شەڕی قامیشلۆ 58 كەس گیانیان لە دەستداوە

"ئاگربەست راگەیاندرا"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/961e9d79-7cb3-4811-970f-91a8312c4038/Ebir%20esaf%2002.ism/manifest

K24 - ھەولێر:

بە گوێرەی ئاماری تەندروستی كانتۆنی جزیرێ لە شەڕی سێ رۆژی رابردووی نێوان ھێزەكانی ئاسایش و یەپەگە بەرامبەر بە رژێمی سووریا لە قامیشلۆ 58 كەس لە ھەردوولا گیانیان لە دەستداوە.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (كوردستان24) عەبیر عەساف، سەرۆكی دەستەی تەندورستی كانتۆنی جزیرێ رایگەیاند: "لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا، شەڕ و پێكدادان لە نێوان ھێزی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان و ھێزەکانی سوپای سووریا لە قامیشلۆ روویدا و بەھۆیەوە، 17 كه‌سی سڤیل و 10 شەرڤانی یەپەگە و 31 سەربازی رژێمی سووریا گیانیان لە دەستداوە".

گوتیشی: "تا ئێستا 20 بریندار لە نەخۆشخانەدا لە ژێر چاودێری تەندروستیدان، 3 لەو بریندارانە باری تەندروستیان خراپە و پێویستیان بە نەشتەرگەری ھەیە".

میدیاكانی پارتی یەكێتی دیموكرات بڵاویان كردوەتەوە: "102 ئەندامی رژێمی سووریا لە لایەن ھێزەكانی یەپەگە و ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان بە دیل گیراون".

لە 20ی نیسانی 2016، لە شاری قامیشلۆ شەڕ لە نێوان ھێزەكانی ئاسایشی رۆژئاوا و رژێمی سووریا روویدا، ئێوارەی دوێنێ 22 نیسان ھێزەكانی ئاسایش و یەپەگە لە ئاگربەستیان راگەیاند.