خۆبه‌خشه‌كان: داواكارين رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حه‌شددا نه‌كرێت
K24 – خورماتوو:
هه‌ريه‌ك له هادى عامرى فه‌رمانده‌ى حه‌شدى شه‌عبى و پارێزگارى كه‌ركووك نه‌جمه‌دين كه‌ريم ئاگربه‌ستيان راگه‌ياند، به‌ڵام هێزى خۆبه‌خشى كورد له خورماتوو رايانگه‌ياند، ئه‌وان داواكارن رێككه‌وتن نه‌كرێت.
پێشمه‌رگه‌يه‌كى خۆبه‌خش له خورماتوو رايگه‌ياند، ئێوه يه‌كه‌م كه‌ناڵن كه به ته‌نگ كێشه‌ى خورماتووه‌وه بوون.
ئه‌و پێشمه‌رگه خۆبه‌خشه له ميانى لێدوانيدا بۆ كوردستان 24 راشيگه‌ياند، ئێمه هه‌موو جارێك قوربانى ده‌ده‌ين و شه‌هيدێكى زۆر ده‌ده‌ين، پێويسته ئه‌و ره‌وشه چاره‌سه‌ر بكرێت.
گوتيشى: ئێمه داواكارين رێككه‌وتن نه‌كرێت و ئه‌و پرسه يه‌كلا بكرێته‌وه.
په‌يامنێرى كوردستان 24 له نزيك بيناى قائيمقامييهتى خورماتوو رايگه‌ياند، به ده‌يان پێشمه‌رگه‌ى خۆبه‌خش له سه‌ر شه‌قامه سه‌ره‌كييه‌كانى خورماتوو كۆبوونه‌ته‌وه و ئاماده‌ن بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى.
ئه‌مڕۆ ژماره‌يه‌ك ئه‌فسه‌رى هێزى پێشمه‌رگه له پله‌ى عه‌قيد و نه‌قيب و مولازم به ده‌ستى ميليشياكانى حه‌شدى شه‌عبى شه‌هيد كران.
تا ئێستا دوو كۆبوونه‌وه له نێوان فه‌رمانده مه‌يدانييه‌كانى هێزى پێشمه‌رگه و ميليشياى حه‌شدى شه‌عبى ئه‌نجامدراوون.
هونه‌ر ئه‌حمه‌د په‌يامنێرى كوردستان 24 رايگه‌ياند، كهمێكى ديكه كۆبوونه‌وه‌يه‌كى ديكه ئه‌نجامده‌درێت بۆ تاوتوێكردنى ره‌وشى ئاگربه‌ست.
هه‌ر له‌و باره‌يه‌وه عه‌دنان حه‌مه‌ى مينه، يه‌كێك له فه‌رمانده مه‌يدانييه‌كانى پێشمه‌رگه به كوردستان 24ى راگه‌ياند، ئێمه لێره‌ين و ده‌مانه‌وێت ره‌وشه‌كه يه‌كلا بكه‌ينه‌وه.
هه‌ر ئه‌مڕۆ له كۆنگره‌يه‌كى رۆژنامه‌وانييدا هادى عامرى فه‌رمانده‌ى ميليشياى حه‌شدى شه‌عبى كه به‌و بۆنه‌يه‌وه گه‌يشتبووه خورماتوو، رايگه‌ياند، بڕيارمان داوه شه‌ڕ راوه‌ستێت.
له باره‌ى شههيدهكانيشهوه، گوتى: هه‌وڵده‌ده‌ين ئه‌و قوربانيانه له لايه‌ن حكومه‌تى عێراقه‌وه به شه‌هيد بناسرێن.
هه‌روه‌ها نه‌جمه‌دين كه‌ريم پارێزگارى كه‌ركووك، ئه‌وانه‌ى شه‌ڕيان كردووه به ئاژاوه‌گێڕ وه‌سفيكردن و گوتى: هه‌ندێك لايه‌ن به‌رژه‌وه‌نديان لهوهدايه شه‌ڕ له ناو پێكهاته‌كانى خورماتوو رووبدات.
له نيوهشهوى رابردووه‌وه شه‌ڕ له نێوان ميليشياى حه‌شدى شه‌عبى و هێزى پێشمه‌رگه ده‌ستيپێكردووه.
په‌يامنێرى كوردستان 24 له خورماتوو رايگه‌ياند، هێشتا شه‌ڕ ماوه و ده‌نگى ته‌قه و پێكدادان ده‌بيسترێت.