ئۆباما: ھەوڵەكانمان بەردەوام دەبن بۆ لە ناوبردنی داعش

"ئەڵمانیا ئەندامێکی زۆر کارایە"

K24 - ھەلێر:

سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رایگەیاند، ھەوڵەكانیان بەردەوام دەبن بۆ لە ناوبردنی داعش، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئەڵمانیا ئەندامێکی کارایە لە شەڕی داعش.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئەنجێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا باراك ئۆباما، سەۆرکی ئەمریکا رایگەیاند: "سوپاسی ھەوڵەکانی ئەڵمانیا دەكەین لە چوارچێوەی ھاوپەیمانێتی شەڕ دژی داعش ئەندامێکی زۆر کارایە و بەردەوامە لە ھاوکاری سەربازی و راھێنانەکانی بە ھێزە سەربازییەکانی عێراق بۆ لە ناوبردین داعش".

لە بارەی ھێرشە ئاسمانییەكانیان بۆ سەرداعش ئۆباما ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "ھێرشە ئاسمانییەكانمان بۆسەر داعش زیاتر كردووە، ھەوڵەكانمان بەردەوامن بۆ لە ناوبردنی یەكجاری داعش".

ئۆباما، باسی لەوەشكرد: "بابەتێکی دیکە گرنگی کە لەگەڵ مێرکڵ، جەختمان لەسەر کردووەتەوە، زیاد کردنی و ئاڵوگۆرکردنی زانیارییە ھەواڵگرییەکانە لە نێوان ئەمریکا و ئەڵمانیادا، بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی داعش لە ئەورووپا".

ئەمە لە كاتێكدایە ئۆباما، لە چەند رۆژی رابردوودا سەردانی ھەر یەك لە وڵاتانی بەریتانیا و سعوودیە كردووە، لەگەڵ بەرپرسانی ھەردوو وڵات باسیان لە شەڕی دژی داعش كردووە.