په‌يامنێرى كوردستان 24: سبه‌ى عامرى له‌ كه‌ركووكه‌

بڕياره‌ سبه‌ى سه‌ردانى كه‌ركووك بكات بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ پارێزگارى ئه‌و شاره‌ و ژماره‌يه‌ك به‌رپرسى سه‌ربازى كۆببێته‌وه‌.

K24 – خورماتوو:

فه‌رمانده‌ى حه‌شدى شه‌عبى هادى عامرى، داواى سه‌ردانى دوێنێى بۆ شارۆچكه‌ى خورماتوو و پێشوازيكردنى له‌ لايه‌ن ژماره‌يه‌ك لێپرسراوى ئيدارى و سه‌ربازييه‌وه‌، بڕياره‌ سبه‌ى سه‌ردانى كه‌ركووك بكات بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ پارێزگارى ئه‌و شاره‌ و ژماره‌يه‌ك به‌رپرسى سه‌ربازى كۆببێته‌وه‌.

په‌يامنێرى كوردستان 24 له‌ شارۆچكه‌ى خورماتوو، رايگه‌ياند، به‌ گوێره‌ى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى دوێنێ 24ى نيسان/ ئه‌پريلى 2016، له‌ نێوان پارێزگارى كه‌ركووك نه‌جمه‌دين كه‌ريم و فه‌رمانده‌ى حه‌شدى شه‌عبى، هادى عامرى له‌ باره‌ى شه‌ڕى خورماتوو راگه‌يه‌ندرا، سبه‌ى جارێكى ديكه‌ عامرى و نه‌جمه‌دين كه‌ريم و ژماره‌يه‌ك به‌رپرسى سه‌ربازى كورد كۆده‌بنه‌وه‌ بۆ تاوتوێكردنى ره‌وشى خورماتوو.

په‌يامنێرى كوردستان 24 ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، كۆبوونه‌وه‌كه‌ درێژكراوه‌ى ئه‌و كۆبوونه‌وه‌يه‌يه‌ كه‌ دوێنێ له‌ دواى پێشوازى له‌ عامرى ئه‌نجامدرا و هه‌ردوولا له‌سه‌ر وه‌ستاندنى شه‌ڕ رێككه‌وتن.

دوێنێ له‌ ئاكامى په‌لاماره‌كانى حه‌شدى شه‌عبى ژماره‌يه‌ك ئه‌فسه‌ر و فه‌رمانده‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ به‌ قه‌ناس كرانه‌ نيشان و شه‌هيد كران و دواى پێكدادانه‌كانى نێوان پێشمه‌رگه‌ و حه‌شدى شه‌عبى هادى عامرى سه‌ردانى شارۆچكه‌كه‌ى كرد و له‌ لايه‌ن پارێزگارى كه‌ركوك نه‌جمه‌دين كه‌ريم و ژماره‌يه‌ك فه‌رمانده‌ى پێشمه‌رگه‌وه‌ پێشوازى لێكرا.

پێشوازيكردنى به‌رپرسانى كورد له‌ شارۆچكه‌كه‌ له‌ شاندى حه‌شدى شه‌عبى بووه‌ته‌ جێى ناڕه‌زايه‌تى به‌شێك له‌ هاووڵاتييان و به‌و هۆيه‌وه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كاندا سه‌رزه‌نشى شێوازى پێشوازيكردنه‌كه‌ له‌ هادى عامرى كرا.

كه‌ناڵى كوردستان 24 وه‌ك يه‌كه‌م كه‌ناڵى ميديايى كورديى له‌ نزيكه‌وه‌ وێنه‌ى مه‌راسيمى پێشوازيكردن له‌ عامرى بۆ بينه‌ران گواسته‌وه‌ و دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى گرته‌ ڤيديۆيه‌كه‌، ديمه‌نى پێشوازييه‌كه‌ بووه‌ جێى باسوخواسى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان و ره‌خنه‌ له‌ مه‌راسيمه‌كه‌ گيرا.