له‌ خورماتوو شه‌ڕ ده‌ستيپێكرده‌وه‌

شه‌ڕ له‌ شارۆچكه‌ى خورماتوو ده‌ستيپێكرده‌وه‌ و چه‌كدارانى ميليشياى حه‌شدى شه‌عبى چوار گوله‌ هاونيان ئاراسته‌ى گه‌ڕه‌كه‌ كوردييه‌كانى شاره‌كه‌ كرد و به‌ هۆيانه‌وه‌ هاووڵاتييه‌ك شه‌هيد و يه‌كێكى ديكه‌ بريندار بوو.

K24 – خورماتوو:

شه‌ڕ له‌ شارۆچكه‌ى خورماتوو ده‌ستيپێكرده‌وه‌ و چه‌كدارانى ميليشياى حه‌شدى شه‌عبى چوار گوله‌ هاونيان ئاراسته‌ى گه‌ڕه‌كه‌ كوردييه‌كانى شاره‌كه‌ كرد و به‌ هۆيانه‌وه‌ هاووڵاتييه‌ك شه‌هيد و يه‌كێكى ديكه‌ بريندار بوو.

په‌يامنێرى كوردستان 24 له‌ شارۆچكه‌ى خورماتوو رايگه‌ياند، دواى نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوار گوله‌ هاوون ئاراسته‌ى گه‌ڕه‌كه‌ كوردييه‌كانى شارۆچكه‌كه‌ كراوون.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا ئه‌حمه‌د شێخ له‌نگه‌رى به‌رپرسى ناوچه‌ى پارتى ديموكراتى كوردستان له‌ شارۆچكه‌ى خورماتوو تايبه‌ت به‌ كوردستان 24، رايگه‌ياند، چه‌كدارانى ميليشياى حه‌شدى شه‌عبى ده‌يانه‌وێت ئه‌و ناوچانه‌ بگرنه‌وه‌ كه‌ له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا له‌ده‌ستيان داوه‌.

به‌ گوێره‌ى دوايين زانيارى به‌رده‌ست په‌يامنێرى كوردستان 24، له‌ ئاكامى بۆردومانى چه‌كدارانى ميليشياى حه‌شدى شه‌عبى هاووڵاتييه‌ك شه‌هيد و هاووڵاتييه‌كى ديكه‌ بريندار بوون.

ئاگربه‌سته‌كه‌ى دوێنێى نێوان هادى عامرى فه‌رمانده‌ى ميليشياى حه‌شدى شه‌عبى  و نه‌جمه‌دين كه‌ريم پارێزگارى كه‌ركووك، له‌ شه‌وى رابردووه‌وه‌ له‌به‌رده‌م مه‌ترسى هه‌ره‌سهێنانى يه‌كجاريدايه‌ و شه‌وى رابردووش دوو هاووڵاتى كورد به‌ هۆى ته‌قه‌ى چه‌كدارانى حه‌شده‌وه‌ بريندار بوون.

په‌يامنێرى كوردستان 24 راشيگه‌ياند، له‌ ئێستادا شه‌ڕ له‌ چه‌ند گه‌ڕه‌كێكى شارۆچكه‌كه‌ ده‌ستيپێكردووه‌ته‌وه‌.

دوێنێ له‌ ئاكامى په‌لاماره‌كانى حه‌شدى شه‌عبى ژماره‌يه‌ك ئه‌فسه‌ر و فه‌رمانده‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ به‌ قه‌ناس كرانه‌ نيشان و شه‌هيد كران و دواى پێكدادانه‌كانى نێوان پێشمه‌رگه‌ و حه‌شدى شه‌عبى هادى عامرى سه‌ردانى شارۆچكه‌كه‌ى كرد و له‌ لايه‌ن پارێزگارى كه‌ركوك نه‌جمه‌دين كه‌ريم و ژماره‌يه‌ك فه‌رمانده‌ى پێشمه‌رگه‌وه‌ پێشوازى لێكرا.

پێشوازيكردنى به‌رپرسانى كورد له‌ شارۆچكه‌كه‌ له‌ شاندى حه‌شدى شه‌عبى بووه‌ته‌ جێى ناڕه‌زايه‌تى به‌شێك له‌ هاووڵاتييان و به‌و هۆيه‌وه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كاندا سه‌رزه‌نشى شێوازى پێشوازيكردنه‌كه‌ له‌ هادى عامرى كرا.