ھەدەپە: داوا لە بارزانی دەكەین نێوانگیریی پەكەكە و توركیا بكات

"دەست پێشخەری بكات بۆ دەست پێكردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/3360f41c-c25a-4f2a-8100-bc6d17e1c644/barzani%20w%20ashti%20la%20bakur.ism/manifest

K24 - ھەولێر

نوێنەری پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) رایگەیاند، بۆ كۆتایھێنان بە شەڕ لە باكووری كوردستان، داوا لە مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دەكەن، وەك پێشەنگ و سەرۆكی كورد نێوانگیریی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و حكوومەتی توركیا بكات.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (كوردستان24) عابد ئیکە، نوێنەری پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) لە ھەولێر رایگەیاند: "داوا لە بارزانی، دەكەین جارێكی دیكە وەك رۆڵێكی نەتەوەیی و نیشتمانی، نێوانگیریی توركیا و پەكەكە بكات، داوا لە پەكەكە و توركیا بكات ئەو شەڕە بوەستنێنن، وەك پێشەنگ و سەرۆكی كورد داوا لە بارزانی، دەكەین رۆڵی ھەبێت بۆ ئەوەی كۆتای بە شەڕ بھێنرێت لە باكووری كوردستان".

عابد ئیكی، گوتیشی: "توركیا لە لایەك دەیەوێت شەڕ بوەستێ، لە لایەكی دیكە دەیەوێت كورد پارچە  پارچە و تاڵان و وێران بكات".

ھەر لە بارەی وەستاندنی شەڕ لە باكووری كوردستان و رۆڵی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مونا قەھوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی و پێشكەوتووی تورکمانی گوتی: "داوا دەكەین سەرۆك بارزانی، دەست پێشخەربێت بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا لە نێوان پەكەكە و حكوومەتی توركیا".

ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "بێگومان ئەمەش لە بەرژەوەندی ھەردوولادایە، چونكە ھیچ كێشەیەك بەبێ گفتوگۆ چارەسەر نابێت، كۆتای ھاتنی ئەو شەڕە دەبێ ھەر بە دیالۆگ و گفتوگۆبێت، لە ئێستا تەنھا خودی سەرۆك بارزانی، دەتوانێ ئەمە بكات".

ئەمە لە كاتێكدایە بەھۆی شەڕ لە نێوان پەكەكە و حكوومەتی توركیا لە باكووری كوردستان، ژمارەیەكی زۆر ھاووڵاتیان سڤیل گیانیان لە دەستداوە و برینداربوونە، بەشێكی زۆریش لە خەڵكی ئاوارەبوونە و تادێت بارودۆخی باكووری كوردستان نا ئارامی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێ، پێشتریش ئەحمەد تورك سیاسەتمەداری كورد لە باکووری کوردستان لە رێگەی (كوردستان24) داوای لە بارزانی، کرد جارێکی دیکە بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە نێوان تورکیا و پەکەکە بێتەوە سەرخەت.