دڕانی پانتۆڵ زیدان بە قەدەر پێکانی کریستیانۆ باسی لێوه‌ دەکرێت

پرسیار لەبارەی هۆکاری دڕانی پانتۆڵی دەکرێت و زیزۆش وڵامیان ده‌داته‌وه‌

پانتۆڵ دڕانی زینەدین زیدان بە قەدەر پێکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە میدیاکانەوە قسە و باسی لەبارەوە دەکرێت و چۆن دەپرسرێت کەی کریس لە پێکانەکەی چاکدەبێتەوە، ئاواش پرسیار لەبارەی هۆکاری دڕانی پانتۆڵی زیزۆ دەکرێت.

لە یاریی گەڕانەوەی چارەگی کۆتایی چامپیۆنزلیگ کە ریال مەدرید پێویستی بە سێ گۆڵ بوو بۆ ئەوەی ئەو قۆناخە تێبپەڕێنێت، زیدان پانتۆڵەکەی دڕا و دوای یارییەکە رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی توانجی لە زیزۆ دابوو و لە ماڵپەڕەکەی نووسیبووی 'ریال مەدرید بردییەوە، بەڵام پانتۆڵەکەی زیدان دڕا.

لە یاریگەی ئیتیحاد لە یاریی چوونی پێشکۆتایی جارێکی دیکە زیدان پانتۆڵەکەی دڕا و میدیاکانی بەریتانیا بە قەدەر ئەوەی باسی ئاستەبەرزەکەی جۆ هارتیان کرد، فۆکسیان خستە سەر پانتۆڵ دڕانەکەی ئەو پیاوە ٤٣ ساڵانە.

زیدان دوای یارییەکە لەبارەی دووبارە دڕانەوەی پانتۆڵەکەی گوتی: پێویست ناکات خۆتان دڵتەنگ بکەن، لە کارکردندا ئەمە هەر روودەدات."

لەلایەکی دیکەوە سێر ئەلێکس فێرگسۆن لەبارەی ئەو دوو بەسەرهاتەی پیاوە فەرەنسییکەوە دەڵێت 'ئەمە بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە زیدان کاردانەوەی هەیە و لەگەڵ یارییەکان تێکەڵ دەبێت'، هەروەها فێرگسۆن دەڵێت 'کە لە بەرامبەر فۆلفسبۆرگ زیدان پانتۆڵەکەی دڕا، بەسەرهاتێکی خۆم بیرهاتەوە، کە لە یەکەم وەرزم لەگەڵ مانچێستەر یونایتددا، لەوکاتەی لە دابەزین نزیکبووین، بەبۆنەی تۆمارکردن گۆڵێک بە راکردن هەموو یاریگەم کرد'.

سێر پەسندی ئەو راهێنەرانە دەکات کە بەبۆنەی تۆمارکردنی گۆڵ ئاهەنگ دەگێڕن و دەڵێت: 'هەر راهێنەر‌ێک بەبۆنەی گۆڵکردنی یاریزانەکانییەوە ئاهەنگ نەگێڕێت، مانای وایە بردنەوەی تیپەکەی لەلا گرنگ نییە'.

ئێستا جگە لەوەی هەوادارنی لۆس بلانکۆس بە تاسەوە چاوەڕێی یارییەکانی یانەکاین دەکەن و بیر لە بەدەستهێنانی ناسناوەکانی لالیگا و چامپیۆنزلیگ دەکەنەوە، بیریان لای پانتۆڵەکەی زیزۆشە و دەیانەوێت بزانن کە مارکەی پانتۆڵەکەی زیدان کامە مارکەیە.