نێچیرڤان بارزانی له‌ باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا چی گوت؟

"دڵخۆشین به‌وه‌ی كه‌ به‌ته‌ندروستییه‌كی باش گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/51df1998-440a-4376-86eb-a3605e32dab2/Nechirvan%20Barzani%201.ism/manifest

K24 – هه‌ولێر

له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌ری گشتیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاند دڵخۆشین به‌وه‌ی كه‌ به‌ ته‌ندروستییه‌كی باش گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستان.

له‌باره‌ی گرێدانی كۆبوونه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم كه‌ هاوكات جێگری سه‌رۆكی پارتیشه‌ گوتی: "هه‌تا ئێستا بڕیاری وامان نییه‌", زیاتر گوتی: "ئێمه‌ وه‌ك پێشتریش گوتوومانه‌ ئێمه‌ وه‌كوو پارتی حازرین بۆ هه‌ر كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ هه‌رلایه‌نێك".

له‌ مانگی ئه‌یلوولی 2015 نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان چووه‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و ئه‌مڕۆش بە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیی گەڕایەوە ھەرێمی كوردستان و لە لایەن ژمارەیەك لە ھەڵسوڕاوانی گۆڕان پێشوازیی لێكرا، هاوکات گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێ دۆخی چەقبەستووی ھەرێمی كوردستان بە تەنیا بە نەوشیروان مستەفا چاك ناكرێت.

شۆڕش حاجی، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی (كوردستان24) لە بارەی گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا بۆ ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "تەندروستیی كاك نەوشیروان باشە بۆیە گەڕاوەتەوە".

سەبارەت بە كاریگەریی رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە دۆخی چەقبەستووی ھەرێمی كوردستان شۆڕش حاجی گوتی: "ئەو دۆخە چەقبەستووە بە كەسێك و دووان خراپ نەكراوە و و بە كەسێك و دووانیش چاك ناكرێتەوە، لە ھەرێمی كوردستان كێشەی سیستمی سیاسیی و حوكمڕانیمان ھەیە، كاك نەوشیروان دار عەسای بە دەستەوە نییە و ئەو بارودۆخە بە تەنیا بە كاك نەوشیروان چاك ناكرێت".