دوو سيناتۆر رێگه‌ى گه‌يشتن به‌ دۆلار پيشانى ئێران ده‌ده‌ن

دوو سیناتۆری ئەمریکایی رايانگه‌ياند، ئەگەر ئێران دەیەوێت دەستی بە دۆلار بگات، با واز لە کردەوە مەترسیدارەکانی بهێنێت.

K24 – هه‌ولێر:

دوو سیناتۆری ئەمریکایی رايانگه‌ياند، ئەگەر ئێران دەیەوێت دەستی بە دۆلار بگات، با واز لە کردەوە مەترسیدارەکانی بهێنێت.

"مارک کەرک" و "مارکۆ روبیۆ"، لە یادداشتێکدا کە لە ماڵپەڕی هەواڵی فاکس نیوز بڵاویان کردووەتەوە، نووسیویانە: کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا لە کردەوە مەترسیدارەکانی وەک تاقیکردنەوە مووشەکی دوورهاوێژ و دەست تێوەردان لە کاورباری وڵاتانی دیکە بەردوامە، هەوڵ دەدات بۆ گەشاندنەوەی ئابووری دەستی بە دراوی بیانی بگات.

ئەم یادداشتەی دوو سیناتۆری ئەمریکایی لە کاتێدا بڵاو دەبێتەوە کە ئێران داوا دەکات ئەمریکا رێگە بە بانکە جیهانییەکان نەگرێت بۆ ئەوەی مامەڵەی دراوی لە گەڵ ئێراندا بکەن.

بە هۆی هاوکاری نەکردنی بانکەکانی جیهان، ئێران ناتوانێت ئەو کاڵایانەی بە وڵاتانی دەفرۆشتێت پارەکانی بەدەست بهێنێتەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی بەتاڵ مانەوەی خەزێنەی بانکی ناوەندیی ئێران.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، دوێنێ، رابه‌رى كۆمارى ئيسلامى ئێران عه‌لى خامه‌نه‌ئى رايگه‌ياند، ئەمریکاییەکان  لەسەر کاغەز داوا لە بانکەکان دەكەن پەیوەندیی بازرگانییان لەگەڵ ئێران هەبێت، بەڵام بە کردەوە رێگا نادەن بانکەکان و سەرمایەگوزارانی بیانی روو لە ئێران بکەن.

خامەنەئی گوتى: ئەمن سەد جار گووتەمە بە زۆر و بە کەم ناتوانین متمانەمان بە ئەمریکا هەبێت. لەسەر کاغەز دەنووسن بانکەکان بچن لەگەڵ ئێران بازرگانی بکەن، ئەمە لەسەر کاغەزە هیچ نرخێکی نییە، بەڵام بە کردەوە وەها بانکەکان دەترسێنن کە ئەوان نەیەنە پێشەوە، ئەوان بە کردەوە کارێک دەکەن کە بانک و سەرمایەداری بیانی نەوێرن بێنە پیشەوە و سەرمایەگوزاری بکەن، ئەوان بە کردەوە خەریکن ئەو کارە دەکەن. خۆیان لە هەموو تیرۆریستەکان خراپترن. خۆیان یارمەتیی تیرۆریستە بە ناوبانگەکانیان داوە ئێستاش هەر خەریکن هاوکارییان دەکەن، جا دێن بە ئێران دەڵێن تیرۆریست.

هەفتەی رابردووش، دواى کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و ئەمریکا لە واشنتۆن، جۆن کێری رایگەیاندبوو بانکەکانی ئەوروپا بە هەڵە لەو بابەتە تێگەیشتوون.

جۆن کێری گوتى: ئه‌مريكا رێگری ناکات و نایەوێت ببێتە بەربەست لەسەر رێگای ئەو بازرگانییانەی ئێران کە لە رێککەوتننامەی ناووكيدا رێگایان پێدراوە.

گوتيشى: ده‌مەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کە ئێمە گەمارۆ ناووكييه‌كانمان لاداوە و پابەندیشین بە ئەنجامدانی بەڵێنەکانمان و ئەوەش دەرفەرتێکە بۆ بانکە بیانییەکان کە لەگەڵ ئێران بازرگانی بکەن. بە داخەوە پێدەچی هێندێک تێنەگەیشتن لە لای چەند بانکێکی دەرەکی هەبێت و ئێمە هەوڵ دەدەین تا ئەو جێیەی بتوانین ئەوانە روون بکەینەوە.

زیاتر لەسێ مانگ بەسەر جێبه‌جێكردنى رێککەوتننامەی ناووكى و لادانی گەمارۆ ئابوورییەکاندا تێپەڕیوە و لەو  ماوەیەشدا ئێران ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتەکەی بە رێژەیەکی بەرچاو بەرز کردووەتەوە و رێگا بۆ سەرمایەگوزاریی وڵاتانی دەرەکیش لە ئێران خۆش بووە. بەڵام تا ئێستاش زۆربەی بانکەکانی ئەوروپا لە ترسی گەمارۆکانی ئەمریکا ناوێرن لەگەڵ ئێران پەیوەندییان هەبێت، ئەمەش وایکردووە، لادانی گەمارۆکان کەمترین کاریگەری لەسەر ئابووریی و بازاری ئێران دابنێت.