لە باشیك پێشمەرگە شكستی بە ھێرشی داعش ھێنا

زیانی گیانی زۆر بەر چەكدارانی داعش كەوتووە

K24 - ھەولێر

بەیانی ئەمڕۆ چەكدارانی داعش لە سنووری باشیك ھێرشیان كردووەتە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە، ھێزەكانی پێشمەرگە بە توندی وەڵامیان داونەتەوە و شكستیان بە ھێرشەكانی داعش ھێناوە.

عەمید بەھرام عەریف یاسین، فەرماندەی لیوای 7ی پیادە و بەرپرسی میحوەری باشیكی ھێزی پێشمەرگە بە (كوردستان24)ی راگەیاند: "بەیانی ئەمڕۆ چەكدارانی داعش لە ھەموو لایەكەوە ھێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە میحوەری باشك، ھەر زوو ھێزەكانی پێشمەرگە لێیان ھاتنە دەست و شكستیان بە ھێرشی داعش ھێنا".

گوتیشی: "ھێزی پێشمەرگە زیانی زۆری بە چەكدارانی داعش گەیاندووە و چەندین كوژراو و برینداریان ھەیە، ھەر چەندە پێشمەرگە شكستی بە ھێرشەكانی داعش ھێنا، بەڵام تا ئێستا تەقەی دوور بەردەوامە".

باشیك كەوتووەتە باكووری رۆژھەڵاتی مووسڵ نزیكەی 15 كیلۆمەتر لە مووسڵەوە دوورە، لە رووی سەربازییەوە بە ناوچەیەكی ستراتیجی دادەنرێت كاریگەری ھەیە بۆ رزگاركردنی شاری مووسڵ لە ژێر دەستی داعش.