پێشمەرگە ناوچەیەكی باشووری كەركووكی رزگار كرد

" خۆشبەختانە تا ئێستا پێشمەرگە بێ زیانە "

K24 - كەركووك

لە ئۆپەراسیۆنی ھێزی پێشمەرگە بۆ رزگاركردنی گوندی بەشیر، كەمێك پێش ئێستا پێشمەرگە ناوچەی مەزرەعەی رزگار كرد.

پەیامنێری (كوردستان24) رایگەیاند: "ھێرشەكانی پێشمەرگە لە سێ قۆڵەوە دەستیپێكردووە و لە پێشڕەویدان، ئێستا لە دەروازەی گوندی بەشیر نزیك بوونەوەتەوە".

دكتۆر شەماڵ جەبار، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە بە (كوردستان24)ی گوت: "بەپێی ئەو پلانەی دانراوە ھێزی پێشمەرگە بە سەركەوتووانە ئەركەكانیان جێبەجێكردووە، خۆشبەختانە تا ئێستا پێشمەرگە بێ زیانە".

گوتیشی: "ناوچەی مەزرەعە لە چەكدارانی داعش پاككراوەتەوە، ئێستا تیمەكانی ئەندازیاری و ھەڵگرتنەوەی مین خەریكی ھەڵگرتنەوەی ئەو بۆمبە چێندراوانەن كە تیرۆرستانی داعش دایان ناونەتەوە، ھێزی پێشمەرگە جوڵەی كردووە بەرەو دەوروبەری بەشیر ئەو پلانەی دانراوە تا ئێستا 100% جێبەجێكراوە".

باسی لەوەشكرد: "فڕۆكەكانی ھاوپەیمانان پشتیوانی لە پێشمەرگە دەكەن ، پێشتر ھێزی پێشمەرگە پلانی پێشوەختی لەگەڵ ھەموو ھێزەكانی دژی داعش دەجەنگن ھەبوو، بۆ ئەوەی ھاوكاربن لەم پڕۆسەیە، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ پڕۆسەكە جێبەجێ دەكات ھێزی پێشمەرگەیە".

گوندی بەشیر بە دووری 20 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری رۆژئاوای كەركووك، لە بەیانی ئەمڕۆوە ھێزی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی گوندی بەشیری لە باشووری كەركووك دەستپێكردووە، بە گوتەی فەرماندەكانی پێشمەرگە تا ئێستا پڕۆسەكە بە باشی بەڕێوەدەچێت و پێشمەرگە لە پێشڕەویدایە.