رەوتی سەدر: دەستدرێژیکردنە سەر سامانی دەوڵەت هەوڵێکە بۆ تێکدانی چاکسازیی

"پێویستە حزب و فراکسیۆنە سیاسییەکان بوێر بن و بەرژەوەندیی عێراق لە پێشەوە دابنێن"

K24-هەولێر

رەوتی سەدری شیعە لە عێراق رایگەیاند دەستدرێژیکردنە سەر سامانی دەوڵەت هەوڵێکە بۆ تێکدانی چاکسازیی و پێویستە حزب و فراکسیۆنە سیاسییەکان بوێر بن و بەرژەوەندیی عێراق لە پێشەوە دابنێن.

دەستەی سیاسیی رەوتی سەدر ئەمڕۆ یەکشەممە لە پەیامێکدا راشیگەیاند: "عێراقی خۆشەویست بە دۆخێکی زەحمەت تێپەر دەبێ و لە گەرمەی ئەوەی لە پرۆسەی سیاسیدا ژڵەژاوە، ئەمەش بەهۆی پشتگوێخستنی پێداویستییەکانی کۆمەڵگە و داواکارییە رەواکانی گەل و پەیڕەوکردنی شکستهێنان کە خۆی لە بەڕێوەبردنی خراپی دەزگاکانی دەوڵەت دەبینێتەوە".

دەستەی سیاسیی رەوتی سەدر گوتیشی: "شکستهێنانێکی گشتگیر هەیە لە هەموو هەوڵەکانی پینەکردن و جوانکردنی پەرەنسیپی بەشبەشینەی ناشرین و قۆرخکردنی دەسەڵات لە لایەن حزب و فراکسیۆنە سیاسییەکان و بەردەوامبوونیان لە دەستگرتنە سەر بەڕێوەبردن و دەرکردنی بڕیاری سیاسیی بە ناوی پێکهاتەکانەوە وەک خۆیان بە درۆ و فێڵەوە دەڵێن و دەڵێن بەرگریی لە مەزهەب و نەتەوە و حزب دەکەین لەسەر حیسابی ناسنامەی نیشتمانیی گشتگیر".

دەستەی سیاسیی رەوتی سەدر هاوکات داوا لە حزب و فراکسیۆنە سیاسییەکان دەکات لە وانەی مێژوویی تێبگەن و لێیەوە فێری ئاقڵمەندیی بن و بوێر بن لە دانپێنان بە هەڵەکان و زۆر بە دوای دەستکەوتدا نەگەڕێن".

ئەمە لە کاتێکدایە ئێوارەی دوێنێ شەممە خۆپێشاندەران کە دەگوترێ بەشی هەرە زۆریان لایەنگرانی رەوتی سەدری شیعە مەزهەبن لە بەغدا هێرشیان کردە سەر باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق لە ناوچەی سەوز لە بەغدا و بۆ ماوەیەک داگیریان کرد.

هاوکات خۆپێشاندەران هێرشیان کردە سەر چەند پەرلەمانتارێکی عێراقیی و ئەشکەنجەیان دان و دوابەدوای رووداوەکە حکوومەتی عێراق باری لەناکاوی لە بەغدا راگەیاند.

ئەم پێشهاتانە هاوکاتن لەگەڵ بەردەوامبوونی نەرەزایەتییەکانی خۆپێشاندەران لە بەغدا کە داوای ئەنجامدانی چاکسازیی دەکەن لە دامودەزگاکانی دەوڵەت و داوای پێکهێنانی حکوومەتێکی تکنۆکرات دەکەن لە عێراق دوور لە بەشبەشینەی سیاسیی و نەتەوەیی و مەزهەبیی.

ئا: ئا ، ف