بارزانی پیرۆزبایی لە پێشمەرگە دەكات

سەرۆخۆشی لە كەسوكاری شەھیدانی پێشمەرگە كرد

K24 - ھەولێر

مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بەبۆنەی سەركەوتنی ھێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی گوندی بەشیر لە ژێر دەستی چەكدارانی داعش پیرۆزبایی لە ھێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد.

لە پەیوەندیییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی یەكەكانی 70ی ھێزی پێشمەرگە مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بەبۆنەی سەركەوتنی ھێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی گوندی بەشیر پیرۆزبایی لە ھێزی پێشمەرگە كرد.

لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیە بارزانی، دەستخۆشی لە فەرماندە و پێشمەرگەكانی بەشداربوو لە ئۆپەراسیۆنی گوندی بەشیر كرد و سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەھیدانی پێشمەرگە كرد و ھیوای چاكبوونەوەی خێرای بۆ برینداران خواست.

گوندی بەشیر بە دووری 20 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری رۆژئاوای كەركووك، دوێنی ھێزی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی بۆ رزگاركردنی گوندی بەشیر دەستپێكرد، لە ماوەی كەمتر لە 24 كاتژمێر توانیان بەشیر لە دەستی چەكدارانی داعش رزگار بكەن.