جبووریی بە دووری نەزانێ حکوومەت و دەوڵەت و پرۆسەی سیاسیی پەیکەربەند بکرێنەوە

"پەرلەمان دوای یەکلاییکردنەوەی هەموو پرسەکان دەست بەکار دەبێتەوە"

K24-هەولێر

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەلیم جبووریی رایگەیاند پەرلەمان دوای یەکلاییکردنەوەی هەموو پرسەکان لە لایەن لایەنە سیاسییەکان و مەرجەعییەتە ئایینییەکان و لێپێچینەوە لەگەڵ تێوەگڵاوەکان و کەمتەرخەمەکان و هاوکارانیان، دەست بەکار دەبێتەوە و بە دووری نەزانم حکوومەت و دەوڵەت و پرۆسەی سیاسیی "پەیکەربەند بکرێنەوە".

سەلیم جبووریی لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا کە ئاراستەی لایەنە سیاسییەکان و مەرجەعییەتە ئایینییەکان و گەلی عێراقی کرد، گوتی: "وا ئێمە ئەمڕۆ لە بەرامبەر بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و نیشتمانیدایە و وا لە ئێمە دەخوازێ هاوکاربین بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکە و تێپەربوون لە مەترسییەکان و هەڵەکان و پێویست بە دانایی ورە و خۆراگریی دەکات".

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتیشی: "عێراق ئەمڕۆ لە خاڵێکی وەرچەرخانی ترسناک و هەستیارە و دەخوازرێ بە ئاراستەیەکی هەڵەدا بڕوا، بۆیە پێویستە لەسەرمان یەکێک لە دوو بژاردە هەڵبژێرین یان بژاردەی دەوڵەتی راستەقینە و یاسا و دەستوور و چاکسازیی یاخود بژاردەی هەرەمەکیی و ململانێ و تێکدان خودا نەخوازێ، جا بژاردەی دووەم ئەگەر بژاردەی هەندێک کەس بێ، بەڵام بژاردەی یەکەم تاکە بژاردەمانە بۆیە هیچ جێگرەوەیەک نییە لە بڕی پاراستنی پرۆسەی سیاسیی و سیستم و پاراستنی شکۆی دەوڵەت و راستکردنەوەی ئەدای دەزگاکانی".

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەشی کرد: "تەواوی بەرپرسیارێتی لەبارەی پێشێلکارییە ئەمنییەکان و دەستدرێژییەکان بۆ سەر دامودەزگاکانی دەوڵەت دەخەمە ئەستۆی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان حەیدەر عەبادیی".

جبووری هاوکات دڵنیاییشی دا: "پەرلەمان دوای یەکلاییکردنەوەی هەموو پرسەکان لە لایەن لایەنە سیاسییەکان و مەرجەعییەتە ئایینییەکان و لێپێچینەوە لەگەڵ تێوەگڵاوەکان و کەمتەرخەمەکان و هاوکارانیان، دەست بەکار دەبێتەوە". دوای کرد: "چارەی بنچینەیی بۆ قەیرانی ئێستای (عێراق) بدۆزرێتەوە" و بە دووری نەزانێ حکوومەت و دەوڵەت و پرۆسەی سیاسیی پەیکەربەند بکرێنەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە ئێوارەی رۆژی شەممەی رابردوو خۆپێشاندەران کە دەگوترێ بەشی هەرە زۆریان لایەنگرانی رەوتی سەدری شیعە مەزهەبن لە بەغدا هێرشیان کردە سەر باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق لە ناوچەی سەوز لە بەغدا و بۆ ماوەیەک داگیریان کرد.

هاوکات خۆپێشاندەران هێرشیان کردە سەر چەند پەرلەمانتارێکی عێراقیی و ئەشکەنجەیان دان و دوابەدوای رووداوەکە حکوومەتی عێراق باری لەناکاوی لە بەغدا راگەیاند.

ئەم پێشهاتانە هاوکاتن لەگەڵ بەردەوامبوونی نەرەزایەتییەکانی خۆپێشاندەران لە بەغدا کە داوای ئەنجامدانی چاکسازیی دەکەن لە دامودەزگاکانی دەوڵەت و داوای پێکهێنانی حکوومەتێکی تکنۆکرات دەکەن لە عێراق دوور لە بەشبەشینەی سیاسیی و نەتەوەیی و مەزهەبیی.

ئا: ئا ، ف