ئیسرائیل بەهۆی هەڕەشەکانی ئەمەریکا تەواو بێ هیوا بووە

K24 - هەولێر

باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان، گەلعاد ئێردان، ڕایگەیاند، هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمەریکا بە ڕاگرتنی هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئیسرائیل، لەئەگەری داگیرکردنی شاری ڕەفەح، "بێ هیوای کردوون".

یەکەم کاردانەوەی ئیسرائیل لەسەر هۆشدارییەکانی جۆو بایدن، ئێردان بە ڕادیۆی "مەکان"ـی ڕاگەیاند، "ئەو لێدوانانەی سەرۆکی ئەمەریکا، زۆر قورسە و بەتەواوی بێ هیوای کردووین".

ڕۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" لە زاری ئەو نوێنەرەی ئیسرائیلەوە ڕایگەیاندووە، جولەکەکان ئێستا دوودڵن لە دەنگدان بە دیموکراتەکان، چونکە بایدن لە هەڵبژاردنەکان کاندیدی ئەو پارتەیە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ یەکەمجار ڕایگەیاند، ئەگەر بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل فەرمانی بە هێزەکانی بدات بۆ داگیرکردنی ڕەفەح، ئەوە ناردنی باری چەک بۆ ئیسرائیل ڕادەگرێت. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەو چەکانەی ئیسرائیل لە دەستیکەوتووە، بۆ کوشتنی خەڵکی مەدەنی بەکاری هێناوە.

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، بە "سی ئێن ئێن"ـی ئەمەریکی گوت: بەهۆی بەکارهێنانی بۆمب و ئامرازەکانی دیکە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ناوچە نیشتەجێبووەکاندا خەڵکی مەدەنی کوژراون. ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەو بۆمبانەی جۆری 2000، کە هەفتەی ڕابردوو ئیدارەکەی بڕیاریدا نەیانێرێت بۆ ئیسرائیل.