سەرچاوەیەکی ئەمنیی: دوو بیرە نەوتی کەرکووک تەقێندرانەوە

"بیرە نەوتێکی دیکە لە هەمان كێڵگە بۆمبڕێژکراوە"

K24-هەولێر

پۆلیسی شارۆچکە و شارەدێکانی کەرکووک و ئەندامێکی لیژنەی نەوت و وزەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایانگەیاند دوو بیرە نەوتی کێڵگەی خەبازە لە باشووری رۆژئاوای کەرکووک تەقێندرانەوە و ئاشکراشی دەکەن کە بیرە نەوتێکی دیکە لە هەمان كێڵگە بۆمبڕێژکراوە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی شارۆچکە و شارەدێکانی کەرکووک عەمید سەرحەد قادر بە ماڵپەڕی کوردستان 24ی راگەیاند: "کاتژمێر 02:00 شەوی رابردوو دوو بیرە نەوتی کێڵگەی خەبازە تەقێندرانەوە بیرێکی دیکەش بۆمبرێژکراوە".

ئەندامی لیژنەی نەوت و وزەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک فوئاد حوسێن كوێخا بە ماڵپەڕی کوردستان 24ی راگەیاند: "شەوی رابردوو بیرە نەوتییەکانی ژمارە 18 و 33ی کێڵگەی نەوتی خەبازە تەقێندرانەوە و بیری ژمارە سێش بۆمبرێژکراوە و ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان و پۆلیس لە هەوڵدان بۆ پۆچەڵکردنەوەی بۆمبەکانی نێو بیرەکە".

فوئاد حوسێن كوێخا گوتیشی: "گومان دەکرێت داعش ئەو بیرە نەوتییانەی تەقاندبێتەوە، چونکە نزیکن لەو سنوورەی کە لە بندەستی داعشدایە و چەند جارێکی دیکەش هەوڵیان داوە بۆ تەقاندنەوەی بیرە نەوتییەکانی ئەو کێڵگەیە".

کێڵگەی خەبازە چەند بیرە نەوتێکی لەخۆگرتووە و کەوتووەتە باشووری رۆژئاوای شاری کەرکووک و ئەمە یەکەم جار نییە بیرە نەوتییەکانی کێڵگەکە بتەقێندرێتەوە چونکە پێشتر داعش بۆ چەند کاتژمێرێک کێڵگەکەی داگیر کردو چەند جارێکیش بیرەکانی کێڵگەکەی تەقاندووەتەوە.

ئا: ئا ، ف