وەزیرێکی تورکیا: پێویستە "داعش" لە ناوچەیەکی باکووری سووریا بەدەر بدرێ

"تورکیا کار بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە دەکات"

K24-هەولێر

وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولوود چاوش ئۆغڵۆ ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند پێویستە ئێستا چەکدارانی داعش لە ناوچەی منبج نزیکی سنووری نێوان تورکیا و سووریا بەدەر بدرێن.

مەولوود چاوش ئۆغڵۆ لە لێدوانێکدا کە کەناڵی (NTV) تورکیا بڵاوی کردەوە راشیگەیاند: "پێویستە ئێستا چەکدارانی داعش لە ناوچەی منبج نزیکی سنووری نێوان تورکیا و سووریا بەدەر بدرێن و ئێمە بە کاری پێویست هەڵدەستین لەو پێناوە".

شارۆچەکی منبج لە باکووری سووریا کەوتووەتە نێوان ناوچەکانی دەسەڵاتی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە شاری کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی بندەستی گرووپە ئیسلامییەکانی رکابەری داعش لە سووریا.

منبج هاوکات بە رێگەی سەرەکیی داعش دادەنرێت لەسەر سنووری هاوبەشی سووریا و تورکیا.

ئەمە لە کاتێکدایە سەرەرای شکستهێنان و پاشەکشێکردنی داعش لە سووریا لە چەند مانگی رابردوو، بەڵام هێشتا ناوچەیەکی فراوانی سووریا لە بندەستی چەکدارانی گرووپەکەدایە.

هاوکات رووسیا و چەند لایەنێکی سیاسیی لە رۆژئاوای کوردستان و تەنانەت لە تورکیا حکوومەتی تورکیا بە هاوکاریکردنی داعش تومەتبار دەکەن.

ئا: ئا ، ف