ئێران رێگا لە هاوردەکردنی ئوتۆمبێلی ئەمریکی دەگرێت

خامنەیی رەخنەی لە ھاوردەكردنی گرتبوو

K24 - ھەولێر

دوای ره‌خنه‌گرتنی رێبه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران لە هاوردەکردنی ئوتۆمبێلی ئەمریکی، مۆڵەتی هاوردەی ئوتومبێلی شۆڤێرلێت لە لایەن وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی ئێران هەڵوەشێنرایەوە.

حكوومەتی ئێران بە بڕیاری محەممەد رەزا نیعمەتزادە، وەزیری پیشەسازی و بازرگانیی ئێران، مۆڵەتی هاوردەکردنی 200 ئوتومبێلی شۆڤرلێت بە بڕی 7 ملیۆن دۆلار، کە بڕیاربوو لە کۆریای باشوورەوە هاوردەی ئێران بکرێن، هەڵوەشێنرایەوە و بە کۆمپانیای هاوردەکاریان راگەیاندووە، بۆی نییە ئەو ئوتۆمبێلانە هاوردەی ئێران بکات.

ئەمەش دوای ئەوە ھات كە ھەفتەی رابردوو لە لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ نوێنەری كرێكارانی وڵاتەكە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئیران رایگەیاندبوو: "تەنانەت خودی ئەمریکییەکانیش حەز بە کڕینی ئوتۆمبێلەکانی خۆیان ناکەن، کەچی سەیرە ئێمە دێین لە کارخانەیەکی روو لە داخرانی ئەمریکی ئوتۆمبێل دەکڕین".