مه‌سرور بارزانى: ھیچ متمانەیەک لەنێوان هه‌ولێر و بەغدا نییە و ئەو پەیوەندییەش چاك نابێته‌وه‌

لە گوتارێکیدا کە لە رۆژنامەی ناسراوی ئەمریکی واشنتن پۆست، بڵاویکردووەتەوە، نووسیوویەتی کورد مافی خۆیەتی بە ھێمنی لە عێراق جیاببێتەوە.
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/21edc710-2895-4f71-bf33-915ad25ac1a9/MB%20Washington%20Post.ism/manifest

K24 – هه‌ولێر:

مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، لە گوتارێکیدا کە لە رۆژنامەی ناسراوی ئەمریکی واشنتن پۆست، بڵاویکردووەتەوە، نووسیوویەتی کورد مافی خۆیەتی بە ھێمنی لە عێراق جیاببێتەوە.

مەسرور بارزانی لە گوتارەیدا، باس لەوە دەکات کە نەتەوە جیاجياکانی عێراق ھیچ شتێکی ھاوبەشیان نییە و ناچار کراون، پێکەوە، چاوەڕێی چارەنووسێکی نادیار بکەن.

ھەروەھا راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش دەشڵێت: کاتی ئەوە ھاتووە کە دان بەوەدا بنێین، دەوڵەتی عێراق شکستی خواردووە و بەردەوام بوون لەنێو عێراق، کورد رووبەڕووی چەندین ناکۆکی دیکەی درێژخایەن دەکاتەوە.

ئەمساڵ، یادی 100 ساڵەی رێککەوتنامەی سایکس پیکۆیە و بەو بۆنەیەشەوە، رۆژنامەی واشنتن پۆست، زنجیرەیەک راپۆرت و گوتاری لەسەر چارەنووسی ئەو رێککەوتنامەیە و ھەروەھا داھاتووی عێراق و سووریا بڵاويکردووەتەوە.

لە یەکێک لە راپۆرتەکانیدا، ئەو رۆژنامەیە کە پێش چەند رۆژێک بڵاویکردبوویەوە، تێیدا ھاتووە داوا دەکات ئەمریکا و وڵاتانی زلھێزی دیکەی رۆژئاوا، رێگەیەکی دیکەی نوێ بدۆزنەوە بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، وەکو جێگرەوەی رێککەوتنامەی سایکس پیکۆ.

لەلایەکی دیکەوە، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، نووسيويه‌تى: داگیرکردنی شاری موسڵ و بەشێکی زۆری ناوچەکانی دەووروبەری موسڵ لەساڵی 2014 و شکستی سوپای عێراق، ئەو راستییە ئاشکرا دەکات کە عێراق وڵاتێکە ناتوانێت بەرگری لە ھاووڵاتیانی بکات و نازانێت بەرژەوەندییەکانی لەکوێدایە.

پاشان مەسرور بارزانی نووسیوویەتی: پێکەوەژیانی بەناچاری، ئەزموونێکی سەرکەوتوو نەبووە، ھەر بۆیە، لەکۆتایی ئەمساڵدا، ھەرێمی کوردستان ریفۆراندۆم ئەنجام دەدات بۆ دامەزراندنی ئەو دەوڵەتە سەربەخۆیەی کە بەفەرمی لە بەغدامان جیادەکاتەوە و بۆ دواجار دەوڵەتێک بۆ گەلی کورد دێتە ئاراوە.

دواتر مەسرور بارزانی نووسيويه‌تى: ھەنگاوی ریفراندۆم، یارمەتی کورد دەدات ھیوای بۆ بگەڕێتەوە، دڵنیاییش دەگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەکە، لەبەرئەوەی لەوەتەی رژێمی سەدام رووخاوە، کوردستان سەلماندوویەتی کە دەتوانێ ھاوپەیمانێکی باوەڕ پێکراوە بێت لەگەڵ دراوسێکانی و ھەروەھا بووەتە قەڵغانێکی ئاسنینیش لەشەڕی دژی داعش و قوربانی زۆریشیانداوە بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە عەرەبنشینەکان.

لەکۆتاییشدا، مەسرور بارزانی نووسیوویەتی: ھەرێمی کوردستان ھەموو ھەوڵێکی داوە بۆ ئەوەی بەغدا بە سەقامگیریی بمێنێتەوە و لەگەڵ حکومەتی مەرکەزی ھەموو ھەنگاوێکیان ھاویشتووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام ھیچ شتێک سەرکەوتوو نەبووە و بەغدا ھەمیشە وەکو ئامراز تەماشای کوردی کردووە نەک وەکو ھاووڵاتی و ئێستاش ھیچ متمانەیەک لەنێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغدا نییە و پێناچێت ئەو پەیوەندییەش چاکببێتەوە.