به‌ ڤیدیۆ...گواردیۆلا به‌بێ ئه‌وه‌ی خه‌ونی خۆی و باڤارییه‌كان بهێنێته‌ دی ماڵئاوایی ده‌كات

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/0e5839a7-b6aa-4253-8dae-7be2044b8d75/Guardiola.ism/manifest

گواردیۆلا بەبێ ئەوەی ئامانجەکەی خۆی و باڤارییەکان بهێنێتە دی ماڵئاوایی لە ئالیانز ئارینا دەکات و دوای ١٥ رۆژی دیکە بایرن میونشنی ئەڵمانی بەجێدەهێڵیت.

کاتێک سێ ساڵ لەمەوبەر بایرن میونشن گواردیۆلای کردە راهێنەری یانەکەی، بایرن پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ بوو لەگەڵ یۆب هاینکس سیانەی بەدەستهێنابوو، بەڵام باڤارییەکان چاویان لەوە بوو ببنە بارسێلۆنایەکی دیکە و لە ژێر سەرپەرشتی راهێنەرە کەتەلۆنییەکە بگەنە لوتکە، کەچی دوای تەوابوونی گرێبەستەکەی گواردیۆلا نەک هەر نەیتوانی بایرن بکاتە پاڵەوانی ئەوروپا، بەڵکو یانەکەی نەگەیاندە فیناڵی چامپیۆنزلیگیش.

سێشەممەی رابردوو کە بایرن لەسەر دەستی ئاتلێتیکۆ مەدرید ماڵئاوایی کرد و بۆ سێیەمین وەرز لەسەر یەک لە قۆناخی پێشکۆتاییەوە ماڵئاوایی لە جامە گوێجکەدارەکە کرد، نەیارانی گواردیۆلا بە قسە هاتنەوە و دووبارە گومانیان لە تواناکانی ئەو فەیلەسووفە نەشاردەوە.

گەرچی بایرن لەسەر دەستی گواردیۆلا بۆ سێیەمین وەرز بووه‌ پاڵەوانی بۆندزلیگا، بەڵام هاندەرانی بایرن لەگەڵ راهێنەرەکانی پێشووتریش ئەم دەستکەوتانەیان بەدەستهێناوە و بەدەستهێنانی چامپیۆنزلیگ ئامانجی پیپ بوو، نەوەک بۆندزلیگا و جامی پۆکال.

گواردیۆلا لە دوایین لێدوانی لەبارەی شکستهێنانی لە بەدەستهێنانی چامپیۆنزلیگ بۆ بایرن و بۆ سێیەمین وەرز دۆڕانی لە بەرامبەر یانە ئیسپانییەکان رایگەیاند، من ئەوەی لە توانامدابوو لە یەکەم خولەکەوە بۆ یانەک کردم و هیوادارم ئەوەی من پێمنەکرا کارلۆ ئەنچیلۆتی لەگەڵ یانەکە بەدەستی بهێنێت.

گواردیۆلای ٤٥ ساڵان کە لە ماوەی چوار وەرز ١٤ ناسناوی بۆ بلاوگرانا بەدەستهێنا، رۆژی شەممە بەرامبەر ئینگلۆشتات پێویستی بە بردنەوەیە بۆ ئەوەی گەڕێک بەر لە تەواوبوونی خولەکە ببێتە پاڵەوانی خولەکە، رۆژی ٢١ی ئەم مانگەش لە فیناڵی جامی پۆکالی ئەڵمانیادا گواردیۆلا دوایین یاریی خۆی لەگەڵ بایرن لە بەرامبەر بۆروسیا دۆرتمۆند ئەنجام دەدات.

ئەو سێ وەرزەی گواردیۆلا لەگەڵ بایرن میونشنی بەسەر برد، لەوانەیە بەر لەوەی ببێتە بەڕێوەبەری هونەری مانچێستەر سیتی، گومان لە توانای ئەو راهێنەرە دروست بکات و قسەی ئەوانە پشتڕاست بکاتەوە، کە هەمیشە دەڵێن مێسی گواردیۆلای کردە راهێنەرێکی گەورە، چونکە بارسێلۆنا و مێسی بەبێ گواردیۆلا بوونە پاڵەوانی ئەوروپا، بەڵام پێشکۆتایی دوایین سنووری گواردیۆلا بوو.