تورکیا دەڵێ زیاتر لە 50 چەکداری داعشی لە سووریا کوشتووە

K24-هەولێر

دەزگا نێوخۆییەکانی راگەیاندن لە تورکیا رایانگەیاند بەهۆی بۆردوومانی پێگەکانی چەکدارانی داعش لە نێو خاکی سووریا نزیکی سنووری تورکیا لە لایەن تۆپخانەکانی تورکیاوە 55 چەکداری داعش کوژران.

بەپێی ئاژانسەکانی هەواڵ کە سەر بە حکوومەتی تورکیان تۆپخانەکانی سوپای تورکیا ئێوارەی دوێنێ شەممە پێگەکانی رێکخراوی داعشیان لە باکووری شاری حەلەب لە باکووری سووریا بۆردوومان کرد و بۆردوومانەکە بووە هۆی تێکشکانی سێ سەکۆی هاوێشتنی مووشەک و سێ ئۆتۆمبێل و "کوژرانی 55 چەکداری داعش".

ئەمە لە کاتێکدایە سەرەرای شکستەکانی ئەم دواییەی داعش لە شەڕی بەرامبەر سوپای حکوومەتی سووریا و شەرڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، بەڵام هێشتا ناوچەیەکی سەر سنووری هاوبەشی سووریا و تورکیای لە بندەست ماوە کە کەوتووەتە نێوان کانتۆنی کۆبانێ و کانتۆنی عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان.

بەڵام چەند لایەنێکی نێوخۆی سووریا و بەتایبەت رووسیا بەردەوام تورکیا بە هاوکاریکردن و پاڵپشتیکردنی رێکخراوی داعش بە چەک و تەقەمەنی و پێشکەشکردنی ئاسانکاریی بۆ چەکدارانی رێکخراوەکە تۆمەتبار دەکەن.

ئەمەش یەکەم جار نییە تورکیا دەڵێ ژمارەیەک چەکدارانی داعشمان کوشتووە، چونکە مانگی رابردوو تورکیا رایگەیاند گوایە زیاتر لە 900 چەکداری لە بۆردوومانکردنی مۆڵگەکانی رێکخراوەکە لە سووریا کوشتووە.

ئا: ئا ، ف