رۆژنامهكانی ئێران: تێلێگرام بووهته شوێنی شهیتان
K24 - ههولێر:
رۆژنامەکانی چاپی تاران، بۆ ئەمڕۆ کۆمەڵێك بابەتی ئابووریی و کولتووری و کۆمەڵایەتییان بڵاو کردووەتەوە، هەندێکیان داوای چاودێریکردن بە سەر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و بەرهەمی ئەدەبیشدا دەکەن.
رۆژنامەی "وەتەنی ئێمروز" روویکردووەتە یەکێك لەو تۆڕە کۆمەڵایەتیانەی لە ئێران لایەنگری زۆرە و لە ژێر مانشێتی "شەیتان لە تێلێگرامدا"، نووسیویەتی: "کاریگەریی تۆری کۆمەڵایەتی تێلێگرام، وەك ئامێرێکی گەیاندنی پەیام، لە پەرەپێدانی باوهڕی نەرێنی و دژە دین، بە جۆرێکی بەرچاو پەرەی سەندووە، هەڵەمان نەکردووە ئەگەر بڵێین هێندێک لە کەناڵەکان بوونەتە شوێنی بانگشەکردنی شەیتان".
رۆژنامەی کەیهان، باس لە دزەکردنی کەلتووری دەکات و لە ژێر مانشێتی "کەلەبەری کاریگەریی کولتووری لە ئەدەبی چێرۆکدا"، نووسیویەتی: "ئەدەبی چێرۆك یەکێک لە بەستێنەکانی دزەکردنە و لەم ماوەیەدا کە زۆر باس لە بابەتی دەزەکردنی کولتووری کراوە، سەرنجی پێویست بەم بوارە نەدراوە کە پرۆژەی دزەکردنی کولتووری ئارام و لەسەر خۆ لە ئەدەبی چیرۆکدا ئەنجام دەدرێت".
رۆژنامەی "ئێبتکار"، بابەتێکی لە سەر نەخۆشیی تەبەقە بڵاو کردوەتەوە و لە زمان جەلال مەحموودزادەی نوینەری مەهاباد لە پەرلەمانی ئێران نووسیویەتی: بە هۆی نەبوونی سەرپەرشتی کردن و نەبوونی پڕۆژەیەکی داڕێژراو لە لایەن بەشی بەیتەرییەوە، هەزاران سەر ئاژەڵ بە هۆی نەخۆشی تەبەقەوە لە ٢٠ پارێزگای ئێران لە نێو چوونە و بە ملیاران زیان بە گوندنشیانی ئاژەڵدار گەیشتووە. بەهۆی نەبوونی دەرزیی پێشگیریکردن هەزاران سەر ئاژەڵی دیکە مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە.
رۆژنامەکان بە دوای وردترین روداوی جۆراوجۆر دادەچن و رۆژنامەی هەمشەهری هەواڵی تێکهەڵچوونی دوو کرێکاری چینی لە شاری زەرەند بڵاوکردووەتەوە کە لەو شارە لە پڕۆژەیەکیدا کار دەکەن و نووسیویەتی: لەم تێهکەڵچوونەدا کرێکارێکی تەمەن 47 ساڵی چینی بە شتێکی نووكتیژ، لە هاووڵاتییە 60 ساڵانەکەی داوە وهەر لەوێ کوشتوویەتی.