ئەمریكا و رووسیا داوا دەكەن رێز لە ئاگربەستی سووریا بگیرێت

راگەیاندراوێكی ھاوبەش بڵاو دەكەنەوە

K24 - ھەولێر

ئەمریکا و رووسیا لە راگەیاندراوێکی ھاوبەشدا داوا لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی سووریا دەکات، ھێرشەکانیان بۆ سەر خەڵکی سڤیل رابگرن و رێز لە ئاگربەستەکەی ئەو وڵاتە بگرن.

لەمیانەی بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسێکی نێودەوڵەتی لە پاریس تایبەت بە چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا، ئەمریکا و رووسیا کە سەرپەرستی ھەڵمەتی نێودەوڵەتی دەکەن بۆ راگرتنی شەڕ لە سووریا، داوا دەکەن پێویستە بەزووترین کات ھەرچی ھێرش ھەیە بۆ سەر خەڵکی سڤیل و نەخۆشخانە و شوێنە گشتییەکانە، رابگرن، تا ھەلێك بدەنە ئاگربەستەکەی سووریا، درێژە بکێشێت و سەرکەوتوو بێت.

ھەروەھا لەم راگەیاندراوە ھاوبەشەدا ھاتووە، ھێرشەکانی ھێزی ھاوپەیمانان بۆ سەر داعش و بەرەی نووسرە چڕتر دەکرێنەوە، تا سووریا لە گروپە توندڕەوەکان پاك بکرێنەوە.

ئەمەش لە كاتێكدایە لە 27ی شوباتی ئەمساڵ لە رێككەوتنی ئەمریكا و رووسیادا ئاگربەست لە سووریا لە نێوان رژێم و ھێزە ئۆپۆزیسیۆنە میانڕەوەكان راگەیاندرا، بەڵام تا ئێستا چەندین جار یەكتریان بە شكاندنی تۆمەتباركردووە، بە تایبەتی لەم دوایەدا لە شاری حەلەب بەھۆی بۆردومانی رژێمی ئەسەد ژمارەیەكی زۆر لە ھاووڵاتیان گیانیان لە دەستدا.