کۆمپانیای رووسنەفت: ئۆپیک وەک رێکخراوێکی یەکگرتوو کۆتاییهات

K24-هەولێر

بەڕێوەبەری کۆمپانیای رووسنەفت کە گەورەترین کۆمپانیای نەوتی رووسیایە ئیگۆر سیچین ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند ئۆپیک وەک رێکخراوێکی یەکگرتوو کۆتاییهاتووە و پێویستە ئەو قۆناغە لەبیربکەین کە تێیدا رێکخراوەکە دەیتوانیی دۆخی بازاڕەکانی نەوت کۆنتڕۆڵ بکات.

ئەم لێدوانەی ئیگۆر سیچین یەکەم لێدوانی هاوشێوەی بەرپرسێکی لەو ئاستەیە لە کارتی نەوتی رووسیا دوای رێکنەکەوتنی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە کۆبوونەوەی دەوحە کە مانگی رابردوو بەڕێوەچو لەبارەی جێگیرکردنی ئاستی بەرهەمهێان بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت.

پێشتریش بەڕێوەبەری کۆمپانیای رووسنەفت کە هاوپەیمانێکی دێڕینی سەرۆکی رووسیایە ڤلادیمیر پوتن، رایگەیاند کە بەگومانە لە ئۆپیک و گوتی "رووسیا گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە جیهان و پێویستە دەست بە ستراتیجیی خۆی بگرێ و پشکی خۆی لە بازاڕ بپارێزێ".

بەڕێوەبەری کۆمپانیای رووسنەفت لە کۆمێنتەکانی کە بۆ ئاژانسی هەواڵدەری رۆیتەرزی ناردبوو ئاماژەشی کرد: "دەبێ ساڵانی حەفتاکان لەبیربکەین ئەو کاتەی گرووپێک بوو لە گەورەترین بەرهەمهێنەران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دۆخی بازاڕی کۆنتڕۆڵ دەکرد بە رێگەی پێکهێنانی کوتلەی وەک ئۆپیک".

ئاشکراشی کرد: "ئێستا کۆمەڵێک فاکتەر هەن بە دووری دەزانن هیچ یەکێتییەکی بەرهەمهێنەران بتوانێ رای خۆی بەسەر بازاڕدا بسەپێنێ و لەبارەی ئۆپیکەوە ئەوە بە راستیی وەک رێکخراوێکی یەکگرتوو کۆتاییهات".

رێکخراوی ئۆپیک چەند وڵاتێکی بەرهەمهێنەری نەوت تێیدا ئەندامن و دیارترینیان سعوودییە و عێراق کوێتە و رێکخراوەکە رۆژانە نزیکەی سێیەکی بەرهەمی نەوت لە جیهان دابیندەکات.

ئەمە لە کاتێکدایە نزیکەی دوو ساڵە مشتومڕێکی زۆر لەنێوان وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە جیهان سەریهەڵداوە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت کە لە دوو ساڵی رابردوو نزیکەی 70% بەهای خۆی لەدەستداوە و بووەتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە چەند وڵاتێکی هەناردەکاری نەوت وەک سعوودییە و عێراق.

ئا: ئا ، ف