د. بەشیر حەداد سەرکۆنەی کردەوە تیرۆرستییەکەی بەغدا دەکات

داوا لە بەرپرسانی ئەمنی دەکات رێکاری ئەمنی توند بگرنە بەر
د. بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
د. بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

K24 - ھەولێر

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق سەركۆنەی كردەوە تیرۆرستییەكەی بەغدا دەكات و داوا لە بەرپرسانی ئەمنی دەکات رێکاری ئەمنی توند بگرنە بەر و کاری پێویست بکەن، بۆ دۆزینەوەی شانە نووستوەکانی تیرۆرستان.

لە بەیاننامەیەکدا د. بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە توندی سەرکۆنەی ئەو کردەوە تیرۆرستییە دەکات کە ئەمڕۆ لە ناوچەی باب شەرقی- گۆڕەپانی تەیەران لە ناوەڕاستی شاری بەغدا روویداو بەهۆیەوە نزیكەی 30 كەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 70 كەسیش برینداربوون.

لە بەیاننامەكەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ھاتووە: ''بە توندی ئەو کردەوە تاوانکارانە سەرکۆنە دەکەین و داواش لە فەرماندە ئەمنییەکانی بەغدا دەکەین، بە زووترین کات رێکاری ئەمنی توند بگرنە بەر و کار بکەن بۆ دۆزینەوەی شانە نووستووەکانی تیرۆرستان".

د. بەشیر حەداد، داواش دەکات کە هەوڵە هەواڵگرییەکان چڕتر بکرێنەوە و هەمانگی زیاتر هەبێت لەنێوان دەزگای ئەمنییەکان بۆ بن بڕکردنی تیرۆر بە هەموو شێوازەکانییەوە.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەس و کارو خانەوادەی قوربیانیانی ئەو کردەوە تیرۆرستییە دەکات و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازێت.

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 21/1/2021 دوو هێرشی تیرۆرستی لە ناوچەی باب شەرقی لە بەغدا روویاندا. هێزە ئەمنییەکان بەدوای دوو خۆکوژەوە بوون، کاتێک هەردووکیان خۆیان تەقاندووەتەوە. بەگوێرەی دوایین ئامار تائێستا 28 كەس گیانیان لەدەستداوە و 73 كەسی دیكەش برینداربوون.